ئەمڕۆ شەممە (٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٦)، لە ئەنجامی پێکدادانێکی سەختی نێوان دوو پاس لەسەر ڕێگای بەستنەوەی دێرەزوور بۆ دیمەشق، کارەساتێکی گەورەی هاتوچۆ ڕوویدا و بەهۆیەوە ٣٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕوونی کردەوە کە پێکدادانەکە لە ناوچەی نێوان هەردوو شاری “سوخنە و تەدمور” لە نێوان پاسێکی گواستنەوەی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و پاسێکی مەدەنیدا ڕووی داوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن، قوربانییەکان تێکەڵەیەک لە سەربازی و هاووڵاتیی مەدەنین.
بەهۆی توندی پێکدادانەکەوە، ئاگر لە یەکێک لە پاسەکاندا کەوتووەتەوە. تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکه ن، بەڵام تیمەکانی رزگارکردن هێشتا بەردەوامن لە دەرهێنانی تەرمە سووتاوەکان. وەزارەتی تەندروستی دووپاتی کردەوە کە بریندارەکان بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تەدمور کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەر.
ڕێگەی “دێرەزوور – دیمەشق” لە ناوخۆی سووریادا بە “ڕێگای مردن” ناسراوە؛ ئەوەش بەهۆی خراپیی ژێرخانەکەی، هەبوونی چاڵ و درزی زۆر، و نەبوونی هیچ بەربەستێک لە نێوان هەردوو سایدی چوون و هاتندا کە ساڵانە دەبێتە هۆی ڕوودانی دەیان کارەساتی هاتوچۆی هاوشێوە.

