ڕیزبەندیی هێزە نەیارەکانی حکوومەت لە تورکیا چووە قۆناغێکی نوێوە. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لادراوی پارتی کۆماریی گەل (CHP)، لەگەڵ ٩٠ پەرلەمانتاری دیکە لەو پارتە جیا بووەوە و پارتێکی نوێی دامەزراند.
ئۆزگور ئۆزەل بە نیازە بە دامەزراندنی پارتێکی نوێ، درێژە بە خەباتی خۆی بەرانبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بدات. لە ڤیدیۆیەکدا کە میدیاکانی تورکیا دوێنێ هەینی ٢٤ی تەممووز بڵاویان کردەوە، ئۆزەل دەبینرێت لە پشت مێزێک دانیشتووە و بەڵگەنامە پێوەندیدارەکان، لەوانە بەڵگەنامەی دامەزراندنی “پارتی نوێ” (یەنی پارتی) ئیمزا دەکات.
لەگەڵ ئۆزەلدا، ٩٠ پەرلەمانتاری دیکەی پارتی کۆماریی گەل لەو پارتە جیا بوونەوە. تا ئێستا ئەم پارتە بە ١٣٥ کورسی دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیای پێک دەهێنا. بەم شێوەیە، “پارتی نوێ” لەمەودوا بە ٩٠ پەرلەمانتارەوە، لە دوای پارتی دەسەڵاتداری داد و گەشەپێدان (AKP) بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان کە ٢٧٧ نوێنەری هەیە، دەبێتە دووەم هێزی گەورەی پەرلەمان لە ئەنقەرە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی “پارتی نوێ”، کۆبوونەوەی دامەزراندنی پارتەکە دوانیوەڕۆی هەینی لە ئەنقەرە بەڕێوە چوو و تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بە کۆی دەنگ بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا. ئەم هەنگاوە لە دوای چەند هەفتە ململانێی نێوان سەرکردایەتیی لادراوی پارتی کۆماریی گەل و دەزگای دادوەری هات؛ ململانێیەک کاتێک دەستی پێ کرد کە دادگایەک لە ئەنقەرە، کۆنگرەی پارتەکەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بە پووچەڵ ناساند.
ئۆزەل کاتی ئیمزاکردنی بەڵگەنامەکانی دامەزراندنی پارتە نوێیەکە گوتی: “هیوادارم ئەم هەنگاوە لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان، گەلەکەمان، پارتەکەمان و هەمووماندا بێت.” ناوبراو دوای بەشداریکردن لە نوێژی هەینی لە ئەنقەرە، ئەم ڕۆژەی وەک “ڕۆژێکی چارەنووسساز” بۆ سیاسەتی تورکیا ناو برد و گوتی پارتەکەی بۆ دیموکراسی خەبات دەکات.
سەرۆکی پێشووی پارتی کۆماریی گەل، بە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەردۆغان، گوتی: “قسەی کۆتایی گەل دەیکات، نەک کۆشکەکان و نەک تاکە کەسێک.” ئۆزەل لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کشانەوە لەو پارتەی لە ساڵی ٢٠٠٩وە ئەندامی بووە، دانی بەوەدا نا ئەم بڕیارە “ئاسان نەبووە”. ناوبراو لە هەمان کاتدا گوتی: “پێش ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە ڕێگەی ڕاستدا هەنگاو بنێت، دەبێت بەسەر هەندێک سەختیدا زاڵ بێت.”
پارتی کۆماریی گەل کە پارتێکی سۆسیال دیموکراتی نەتەوەپەرستە، لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی ساڵی ٢٠٢٤دا شکستی گەورەی بە پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان هێنا. لەو کاتەوە، ئەم پارتە ئۆپۆزسیۆنە زیاتر کەوتووەتە ژێر چاودێری و هێرشی دەزگای دادوەریی تورکیا. لەوانە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئیستانبوڵ، زیاتر لە ساڵێکە بە تۆمەتی گەندەڵی لە زینداندایە. ناوبراو بە گرنگترین ڕکابەری ئەردۆغان دادەنرێت. جگە لە ئەو، دەیان سەرۆک شارەوانیی دیکەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان دەستگیر کراون.
دواتر دادگایەک لە ئەنقەرە لە مانگی ئایاردا، سەرکردایەتیی پارتی کۆماریی گەلی لادا. هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ بانگەشەی هەبوونی سەرپێچی لە بەرژەوەندیی ئۆزەل لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پارتەکە لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەڕێنرایەوە. ئۆزەل لە پۆستەکەی لادرا و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتەکە، دووبارە بە سەرۆک دەستنیشان کرایەوە. کڵچدارئۆغڵو کە وەک سیاستەتمەدارێکی بێکاریزما ناوی دەبرێت، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی مانگی ئایاری ٢٠٢٣دا بەرانبەر ئەردۆغان شکستی هێنابوو.
ئۆزەل ناڕەزایەتیی بەرانبەر ئەم بڕیارە دەربڕی، بەڵام دادگای باڵا پێش دەستپێکردنی پشووەکانی هاوین سەیری دۆسیەکەی نەکرد. هەر بۆیە ناوبراو بڕیاری دا پارتێکی نوێ دابمەزرێنێت؛ بڕیارێک کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند. ئۆزەل لە پەرلەمان گوتی تورکیا “لەبەردەم دووڕیانێکی مێژووییدایە”. هەروەها باسی لە “هیوایەکی نەبڕاوە بۆ دەستپێکردنەوە” کرد.

