zagros news agency

ئەفسانەی جلی سپی؛ بۆچی هەندێک جار جلی ڕەش هەڵبژاردەیەکی باشترە بۆ ڕۆژە گەرمەکان؟

لێکۆڵەران دەڵێن هەڵبژاردنی دروستی پۆشاک دەتوانێت هەستی گەرمای جەستە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە. ئەمەش تەنانەت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لەوەی پلەی گەرمیی سپلیت و فێنککەرەوەکان ٢ پلە بەرزتر بکەینەوە، کە ئەمەش لە ئاستی جیهانیدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەکاربردنی کارەبا و گازە گەرمکەرەوەکان.
بە پێچەوانەی ئەو باوەڕە باوەی کە دەڵێت جلی سپی تیشکی خۆر دەداتەوە و فێنککەرەوەیە، لێکۆڵینەوە نوێیەکان ڕاستییەکی جیاوازتر دەخەنە ڕوو.
خاڵە سەرەکییەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە:
• گەرمای جەستە و ڕەنگ: جەستەی مرۆڤ خۆی بەردەوام گەرما بەرهەم دەهێنێت. جلی سپی بەشێک لەم گەرمایەی جەستە دەداتەوە بە خودی جەستە، بەڵام جلی ڕەش گەرمای جەستە هەڵدەمژێت و دەینێرێتە دەرەوە بۆ ژینگەکە. بۆیە ڕەنگ بەتەنیا بڕیاردەر نییە، بەڵکو دیزاین و شێوازی جلەکە گرنگترە.
• نهێنیی بەدەوییەکان (تەکنیکی دووکەڵکێش): لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ١٩٨٠ لەسەر بەدەوییەکانی بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریخست کە جلی ڕەشی “فش و درێژ” هەمان فێنکیی جلی سپی دەبەخشێت. هۆکارەکەش ئەوەیە جلی ڕەشی فش، هەوای نێوان قوماشەکە و پێست گەرم دەکات، ئەم هەوا گەرمەش بەرەو سەرەوە دەڕوات (وەک دووکەڵکێشی ئاگردان)، ئەم جوڵەیەی هەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی فێنکی و دەرکردنی گەرما لە دەوری جەستە.
• فشبوونی جل: لێکۆڵەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە “فشبوونی” جل لە ڕەنگەکەی گرنگترە. ئەگەر جلەکە تەسک بێت، ئەوا ڕەنگی سپی باشترە، بەڵام ئەگەر جلەکە فش و فراوان بێت، ڕەنگی ڕەش هەڵبژاردەیەکی باشە.
• جۆری قوماش:
o لۆکە (Cotton): تەڕی و ئارەق باش هەڵدەمژێت، بەڵام درەنگ وشک دەبێتەوە.
o کتان (Linen): یەکێکە لە باشترینەکان بۆ هاوین چونکە هەوا زۆر باش دەگۆڕێت.
o خوری مێرینۆ (Merino Wool): بۆ هاوین گونجاوە چونکە شێ دەگوازێتەوە و بۆن ناگرێت، ئەمەش وای کردووە لای وەرزشوانان خواستی زیاتر لەسەر بێت.
o نایلۆن و پۆلیستەر: زوو وشک دەبنەوە بەڵام زۆربەی کات بۆنی ناخۆش دەگرن.
• جلی کەمتر یان پاراستنی پێست؟: لە ڕووی زانستییەوە، جلی کەمتر واتە ساردبوونەوەی خێراتری جەستە بەهۆی هەڵمبوونی ئارەق، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە نابێت پاراستنی پێست لە تیشکی سەروو بنەوشەیی (UV) فەرامۆش بکرێت.
• تەکنەلۆژیای نوێ: زانایان لە زانکۆکانی وەک MIT و مێریلاند خەریکی پەرەپێدانی قوماشی زیرەکن کە تیشکی خۆر دەداتەوە بەڵام ڕێگە دەدات گەرمای “مادۆن سوور”ی جەستە بڕواتە دەرەوە، یان لە کاتی گەرمادا کونیلەکانی قوماشەکە گەورەتر دەبن بۆ هەواگۆڕکێی زیاتر.
سادەترین و کاریگەرترین ڕێگە:
پزیشکان دەڵێن تەڕکردنی جل یان بەکارهێنانی دەسماڵێکی تەڕ لەسەر مل یان سەر، یەکێکە لە باشترین ڕێگەکان بۆ فێنکبوونەوە، چونکە پڕۆسەی هەڵمبوونی ئاوەکە گەرمای جەستە بەکاردەهێنێت و پلەی گەرمیی پێست دادەبەزێنێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەردۆغان میوانداری شاندێکی بزووتنەوەی حەماس دەکات

یاسین

هێرشی داعش بۆسەر هەدەسە ٥ کوژراو و بریندارێکی لێکەوتەوە

سەڵاح

هەنگاوێکی دیکەی دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆكانی كوردستان دەستی پێ کرد

سەڵاح