لێکۆڵەران دەڵێن هەڵبژاردنی دروستی پۆشاک دەتوانێت هەستی گەرمای جەستە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە. ئەمەش تەنانەت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لەوەی پلەی گەرمیی سپلیت و فێنککەرەوەکان ٢ پلە بەرزتر بکەینەوە، کە ئەمەش لە ئاستی جیهانیدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بەکاربردنی کارەبا و گازە گەرمکەرەوەکان.
بە پێچەوانەی ئەو باوەڕە باوەی کە دەڵێت جلی سپی تیشکی خۆر دەداتەوە و فێنککەرەوەیە، لێکۆڵینەوە نوێیەکان ڕاستییەکی جیاوازتر دەخەنە ڕوو.
خاڵە سەرەکییەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە:
• گەرمای جەستە و ڕەنگ: جەستەی مرۆڤ خۆی بەردەوام گەرما بەرهەم دەهێنێت. جلی سپی بەشێک لەم گەرمایەی جەستە دەداتەوە بە خودی جەستە، بەڵام جلی ڕەش گەرمای جەستە هەڵدەمژێت و دەینێرێتە دەرەوە بۆ ژینگەکە. بۆیە ڕەنگ بەتەنیا بڕیاردەر نییە، بەڵکو دیزاین و شێوازی جلەکە گرنگترە.
• نهێنیی بەدەوییەکان (تەکنیکی دووکەڵکێش): لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ١٩٨٠ لەسەر بەدەوییەکانی بیابانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەریخست کە جلی ڕەشی “فش و درێژ” هەمان فێنکیی جلی سپی دەبەخشێت. هۆکارەکەش ئەوەیە جلی ڕەشی فش، هەوای نێوان قوماشەکە و پێست گەرم دەکات، ئەم هەوا گەرمەش بەرەو سەرەوە دەڕوات (وەک دووکەڵکێشی ئاگردان)، ئەم جوڵەیەی هەوا دەبێتە هۆی دروستبوونی فێنکی و دەرکردنی گەرما لە دەوری جەستە.
• فشبوونی جل: لێکۆڵەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە “فشبوونی” جل لە ڕەنگەکەی گرنگترە. ئەگەر جلەکە تەسک بێت، ئەوا ڕەنگی سپی باشترە، بەڵام ئەگەر جلەکە فش و فراوان بێت، ڕەنگی ڕەش هەڵبژاردەیەکی باشە.
• جۆری قوماش:
o لۆکە (Cotton): تەڕی و ئارەق باش هەڵدەمژێت، بەڵام درەنگ وشک دەبێتەوە.
o کتان (Linen): یەکێکە لە باشترینەکان بۆ هاوین چونکە هەوا زۆر باش دەگۆڕێت.
o خوری مێرینۆ (Merino Wool): بۆ هاوین گونجاوە چونکە شێ دەگوازێتەوە و بۆن ناگرێت، ئەمەش وای کردووە لای وەرزشوانان خواستی زیاتر لەسەر بێت.
o نایلۆن و پۆلیستەر: زوو وشک دەبنەوە بەڵام زۆربەی کات بۆنی ناخۆش دەگرن.
• جلی کەمتر یان پاراستنی پێست؟: لە ڕووی زانستییەوە، جلی کەمتر واتە ساردبوونەوەی خێراتری جەستە بەهۆی هەڵمبوونی ئارەق، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن کە نابێت پاراستنی پێست لە تیشکی سەروو بنەوشەیی (UV) فەرامۆش بکرێت.
• تەکنەلۆژیای نوێ: زانایان لە زانکۆکانی وەک MIT و مێریلاند خەریکی پەرەپێدانی قوماشی زیرەکن کە تیشکی خۆر دەداتەوە بەڵام ڕێگە دەدات گەرمای “مادۆن سوور”ی جەستە بڕواتە دەرەوە، یان لە کاتی گەرمادا کونیلەکانی قوماشەکە گەورەتر دەبن بۆ هەواگۆڕکێی زیاتر.
سادەترین و کاریگەرترین ڕێگە:
پزیشکان دەڵێن تەڕکردنی جل یان بەکارهێنانی دەسماڵێکی تەڕ لەسەر مل یان سەر، یەکێکە لە باشترین ڕێگەکان بۆ فێنکبوونەوە، چونکە پڕۆسەی هەڵمبوونی ئاوەکە گەرمای جەستە بەکاردەهێنێت و پلەی گەرمیی پێست دادەبەزێنێت.
هەواڵی پێشوو

