وەزارەتی بەرگریی سعودیە ڕایگەیاند، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی توانویانە چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ئاسماندا تێکبشکێنن، کە ویستوویانە هێرش بکەنە سەر بنکە و دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵات و شاری ڕیاز.
لیوا تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە گوتی: لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا چەند درۆنێک تێکشکێنراون. مالیکی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هێرشانە لە ناو خاکی عێراقەوە ئاڕاستە کراون و لەلایەن “گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران” ئەنجام دراون.
جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و لە “کات و شوێنی گونجاو”دا وەڵام بداتەوە.
لە لایەکی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و داوای لە حکومەتی عێراق کرد ڕێگری بکات لەوەی خاکی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی تر بەکاربهێنرێت.
هاوکات سوپای ئوردن ڕایگەیاند، هێزەکانیان دوو درۆنی تریان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان خستۆتە خوارەوە، و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی یان مادیی لێنەکەوتۆتەوە.

