zagros news agency

سه‌ره‌ڕای رێككه‌وتنه‌ بەرگرییەکەی له‌گه‌ڵ تورکیا و پاکستان، حوسییەکان هێرشیان كرده‌ سه‌ر سعوودیە

 

حوسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ئه‌مڕۆ یەکشەممە ڕایانگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر پاڵاوگەی نەوتی “جازان”ی سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆ لە سعوودیە. ئەم هێرشە تەنها دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت کە شانشینی سعوودیە ڕێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و پاکستان واژوو کرد، وەک وەڵامێک بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە بەهۆی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی وزەی سعوودیە، ئاگرێک لە پاڵاوگەی جازان کەوتووەتەوە، بەڵام تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیویانە بێ ئەوەی هیچ بریندارێکی لێ بکەوێتەوە کۆنتڕۆڵی بکەن. وەزارەتەکە ئاماژەی بە هۆکاری ڕاستەوخۆی ئاگرەکە نەکردووە، بەڵام ڕایگەیاندووە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن.

لەلایەکی دیکەوە، یەحیا سەریع، وتەبێژی سەربازی حوسییەکان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ڕایگەیاند، هێرشەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ئەنجامدراوە و ئامانجەکەی پاڵاوگەی جازان بووە کە ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتریش چەندین جار بنکەکانی ئارامکۆیان لە جازان و یەنبو کردووەتە ئامانج.

ئەم هێرشە لە کاتێکی هەستیاردا دێت؛ کاتێک سعوودیە، تورکیا و پاکستان هاوپەیمانییەکی سەربازییان پێکهێناوە کە تێیدا هاتووە “هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر هەر یەکێک لەم سێ وڵاتە، وەک هێرش بۆ سەر هەموویان ئەژمار دەکرێت.” هێشتا ڕوون نییە کە ئایا تورکیا و پاکستان چۆن و بە چ شێوەیەک بەشداری لە وەڵامدانەوەی ئەم هێرشەی سەر سعوودیەدا دەکەن.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو کە ئەم هاوپەیمانییە دژی هیچ وڵاتێک نییە، بەڵکو مەبەست لێی پاراستنی ئاسایشی هاوبەشە و بڕیاردان لەسەر جۆری وەڵامدانەوە لە ڕێگەی ڕاوێژی نێوان هەرسێ وڵات دەبێت.

لە بەیاننامەیەکی جیاوازدا، حوسییەکان ڕایانگەیاند کە هێرشی مووشەکی و درۆنییان کردووەتە سەر بەندەری “موخا” لە یەمەن، کە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی و پاڵپشتیکراوی سعوودیەدایە. سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ٧ کەس کوژراون و زیانێکی زۆریش بە ژێرخانی بەندەرەکە کەوتووە.

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە بازاڕی وزەی جیهانی بەدەست شەڕی نێوان ئێران و (ئەمریکا-ئیسرائیل) دەناڵێنێت، کە لە ٢٨ی شوباتی ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە. حوسییەکان مانگی ڕابردوو گەمارۆی دەریاییان بەسەر سعوودیەدا سەپاندبوو، ئەمەش هێندەی دیکە گواستنەوەی نەوت و وزەی لە دەریای سوور و گەرووی هورمز تووشی کێشە کردووە.

تاوەکو ئێستا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن، بەڵام پرسی دەستڕەس گەیشتن بە گەرووی هورمز وەک کۆسپێکی گەورە لەبەردەم گفتوگۆکان ماوەتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

جامی یۆرۆ.. هەردوو هەڵبژاردەی سلۆڤینیا و دانیمارک بە خاڵێک ڕازیبوون

یاسین

سەرۆکی حکومەت؛ گەنجانی کوردستان دواڕۆژی وڵاتەكەمانن و ڕۆڵی کارایان هەیە لە دروستكردنی ئاییندەیەکی باشتر

یاسین

سەعد لموجەرد بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی لە دادگە ئامادە دەبێتەوە

ART