zagros news agency

بە بەهای 111 ملیار دۆلار یەکگرتنی پاراماونت و وارنەر برازەرس راگەیێنرا

بە شێوەیەکی فەرمی پڕۆسەی تێکەڵبوونی هەردوو کۆمپانیای زەبەلاحی بواری مێدیا و تەلەفزیۆن “پاراماونت” و “وارنەر برازەرس دیزکەڤەری“  بە بەهای 111 ملیار دۆلار کۆتایی هات، بەمەش کۆمپانیای نوێی “سکای دانس”  پێک هێنرا.

 

کۆمپانیاکە لەلایەن دەیڤد ئێلیسۆن، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری جێبەجێکارەوە ڕێبەرایەتی دەکرێت.

 

ئەم هەنگاوە دوو لە گەورەترین ستۆدیۆکانی هۆڵیوود، تۆڕە تەلەفزیۆنییەکان و پلاتفۆرمەکانی پەخش کۆ دەکاتەوە، لە کاتێکدا کۆمپانیا نوێیەکە ڕووبەڕووی قەرزێکی 80 ملیار دۆلاری دەبێتەوە.

 

کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە، داهاتی ساڵانەی نزیک لە 70 ملیار دۆلار دەبێتەوە، بە پشتبەستن بە کۆمەڵە سەرمایەیەک کە ستۆدیۆکانی پاراماونت پیکچەرس و وارنەر برازەرس، لەگەڵ تۆڕەکانیCBS، CNN، MTV، Comedy Central و TBS دەگرێتەوە، جگە لە هەردوو پلاتفۆرمی Paramount+ و HBO Max، کە بڕیارە بە پلەبەندی بپێچرێنەوە و لە چوارچێوەی یەک خزمەتگوزاریدا کۆ بکرێنەوە.

 

لەبارەی کۆتاییهاتنی ئەم ڕێککەوتنە، دەیڤد ئێلیسۆن ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویییە، نەک تەنیا بۆ سکای دانس، بەڵکو بۆ تەواوی پیشەسازییەکەی ئێمە”. ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتاوە ئامانجی کۆکردنەوەی ئەم دوو ستۆدیۆ دێرینە بووە بۆ دامەزراندنی ڕکابەرێکی بەهێزتر، کە خاوەنی بەهرە، سەرچاوە و بڵاوبوونەوەی پێویست بێت بۆ پێشکەشکردنی چیرۆک لە تەواوی جۆرەکاندا لەسەر هەموو پلاتفۆرمەکان بۆ بینەرانی سەرانسەری جیهان.

 

ئێلیسۆن گوتیشی: “ئەم ئامانجە ئێستا بووەتە واقيع”، ڕوونیشی کردەوە، ئێستا سەرنجەکان دەچنە سەر بونیادنانی کۆمپانیایەک کە توانای پێویست بداتە ئافرێنەران، کەرەستەی خۆشگوزەرانی پێشکەشی جەماوەر بکات و دەستکەوتی دارایی بۆ خاوەن پشکەکان دەستەبەر بکات.

 

کۆتاییهاتنی ئەم ڕێککەوتنە دوای زیاتر لە ساڵێک دێت لە دەستپێکردنی هەوڵەکانی ئێلیسۆن بۆ دەستبەسەرداگرتنی وارنەر برازەرس دیزکەڤەری لە ڕێگەی پاراماونت سکای دانس، کە لە 2025 و دوای کڕینەوەی پاراماونت گڵۆباڵ لەلایەن “سکای دانس مێدیا”وە پێکهاتبوو.

 

لەو ماوەیەدا ئێلیسۆنی تەمەن 43 ساڵ ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەوە، لەوانە گرێبەستێکی ڕکابەر لەلایەن نێتفلیکس بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرمایەکانی وارنەر برازەرس، هەروەها داوایەکی دادوەریی دژی قۆرخکاری کە لەلایەن داواکارانی گشتیی دیموکراتەکان لە 12 ویلایەتی ئەمریکا تۆمار کرابوو، بەرلەودەی سەرکەوتوو بێت لە تەواوکردنی دەستبەسەرداگرتنەکەدا دوای گەیشتن بە ڕێککەوتن.

 

خێزانی ئێلیسۆن، کە پشت بە پاڵپشتیی دارایی گەورەی لاری ئێلیسۆن (باوکی دەیڤد و کەسایەتیی دیاری کەرتی تەکنەلۆجیا) دەبەستن، گەورەترین پشکیان لە سەرمایەی کۆمپانیا نوێیەکەدا هەیە.

 

هەروەها خێزانی ئێلیسۆن و کۆمپانیای وەبەرهێنانی “ڕێد بێرد کەیپیتەڵ پارتنەرس” بە تەنیا خاوەندارێتی لە پشکە ئاساییەکانی جۆری (Class A) دەکەن، کە مافی دەنگدانی تەواو لە کەیانە نوێیەکەدا نوێنەرایەتی دەکات.

 

بڕیارە مامەڵەکردن بە پشکەکانی سکای دانس لە جۆری (Class B) ڕۆژی سێشەممە لە بۆرسەی نیویۆڕک ژێر هێمای نوێی SKYD دەست پێ بکات.

 

بەپێی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە، خاوەن پشکەکانی “وارنەر برازەرس دیزکەڤەری” بەرامبەر هەر پشکێک نزیکەی 31 دۆلاری نەقدییان پێدراوە، لە کاتێکدا مامەڵەکردن بە پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە لە بورسەی ناسداک (Nasdaq) ڕاگیراوە.

 

لەسەر ئاستی ئیدارەدانیش، ئێلیسۆن پشتی بە ینۆن کرایز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پێشووی کۆمپانیای “ماتێل”  بەستووە بۆ وەرگرتنی پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هاوبەش، هاوکات تیمی سەرکردایەتیی باڵای کۆمپانیا نوێیەکەی ڕاگەیاند.

 

سکای دانس جەختی کردەوە، تەکنەلۆجیا لە ناوەندی ستراتیژییەتی کۆمپانیاکەدا دەبێت و بەکارهێنەران دەتوانن چاوەڕوانی داهێنانی زیاتر لە کۆمپانیا نوێیەکە بکەن، کە پلانەکەشیان داماڵینی پلەبەندیی Paramount+ و HBO Max و کۆکردنەوەیان لە چوارچێوەی یەک خزمەتگوزاریی پەخشدا دەگرێتەوە.

 

کۆمپانیاکە ئامانجیەتی لە ڕێگەی هەمان ئەو شێوازە کارکردنەی کە وای لە پاراماونت کرد لە ئامانجەکانی بڕبڕەی دارایی تێپەڕێت دوای تێکەڵبوونی لەگەڵ سکای دانس، زیاتر لە شەش ملیار دۆلار پاشەکەوتی ساڵانە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا دەستەبەر بکات. روونیشی کردەوە، کەمکردنەوەی تێچووەکان سەرەتا لە ڕێگەی یەکخستنی تەکنەلۆجیا، پڕۆسەکان و کڕینەکان، لەگەڵ ڕێکخستنەوەی خەرجییەکانی ڕیکلام و خانوبەرە دەبێت، تاوەکو کۆمپانیاکە نەرمتر بێت و سەرچاوەی زیاتر بۆ وەبەرهێنان لە ناوەرۆک، ئافرێنەران و تەکنەلۆجیادا دابین بکات.

 

بەپێی زانیارییەکان، پلانەکانی کەمکردنەوەی خەرجی دەستبەرداربوونی بەربڵاوی کارمەندانیش دەگرێتەوە، بەجۆرێک چاوەڕوان دەکرێت هەزاران کارمەند لە پراماونت و وارنەر برازەرس دیزکەڤەری لە مانگەکانی داهاتوودا کارەکانیان لەدەست بدەن.

 

قەبارەی قەرزەکان یەکێک لە دیارترین ئالنگارییەکانی بەردەم کۆمپانیا نوێیەکەیە، بەڵام کۆمپانیاکە پێیوایە دەتوانێت ڕێژەی قەرزەکان بەراورد بە قازانجی ڕێکخراوی بەر لە باج و دابەزینی بەها (EBITDA) لە ئاستی 6 بۆ 7 بەرامبەر لە ساڵی 2026، بۆ 3 بەرامبەر تا کۆتایی ساڵی 2029 دابەزێنێت.

 

سکای دانس لە ڕێگەی سێ کەرتی سەرەکییەوە کار دەکات: ستۆدیۆکان، خزمەتگوزاریی ڕاستەوخۆ بۆ بەکارهێنەر و مێدیای تەلەفزیۆنی. کۆمەڵە سەرمایەکەشی برەندەکانی پاراماونت پیکچەرس، وارنەر برازەرس، HBO، HBO Max، Paramount+، Pluto TV، لەگەڵ CBS، CNN، CBS Sports، TNT Sports، Nickelodeon، Cartoon Network، MTV، Food Network، BET، HGTV و Comedy Central کۆ دەکاتەوە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

زەیدی لە پاریس لەگەڵ توتال ئێنێرجیز تاوتوێی فراوانکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز دەکات

سەڵاح

هەواڵێکی ناخۆش بۆ هاندەرانی بەرشەلۆنە

یاسین

٢٤ بانک خزمەتگوزاری قەرز و سلفە پێشکەشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەن

سەڵاح