ئاماژەی بەوەکردووە فابریزیۆ رۆمانۆ کە یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی ڕەزامەندیی کۆتایی لە برادلی بارکۆلای ئەستێرەی فەرەنسی وەرگرتووە سەبارەت بە مەرجە کەسییەکانی گرێبەستەکەی و لە ئێستاشدا لە گفتوگۆی فەرمی و ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ کارگێڕیی یانەی پاریس سان جێرمان بۆ دیاریکردنی کرێی گواستنەوەی یاریزانەکە.
سەرچاوەکە جەختی لەوەکردووەتەوە کە دانوستانەکانی نێوان هەردوو یانەکە بەردەوامییان هەیە و لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی لیڤەرپوولدایە تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر پێشکەشکردنی ئۆفەرەکە بدات بەتایبەت کە یانە پاریسییەکە داوای بڕە پارەیەکی بەرز دەکات بۆ دەستبەرداربوون لەم بەهرەمەندەی.
لەلایەکیترەوە چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەنگاوی یەکلاکەرەوە لە نێوان هەردوولادا بنرێت تاوەکو پێکهاتەی یانە ئینگلیزییەکە بۆ وەرزی نوێ بەهێزتر بکەن.

