راپۆرتە رۆژنامەنوسیەکان بڵاویانکردەوە، هیچ گەرەنتیەک نییە بۆ مانەوەی جولێس کۆندی بەرگریکاری فەرەنسی لە وەرزی نوێدا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی.
جیرارد رۆمێرۆی رۆژنامەنوسی کەتەلۆنی ئاشکرایکرد، چەند یانەیەکی پریمەر لیگ ئۆفەریان پێشکەشی بەرگریکارە فەرەنسیەکە کردووە تا لەم هاوینەدا پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات.
رۆمێرۆ دەڵێت، ئەو یاریزانە تا ئەم ساتە وەڵامی هیچ کام لەو یانانەی نەداوەتەوە بەهۆی ئەوەی کە لە یانە کەتەلۆنیەکە دڵخۆشە و بیری لە رۆیشتن نەکردووەتەوە، وە دەیەوێت لەژێر دەستی هانسی فلیکی راهێنەر بەردەوام بێت لە یاریکردن.
ئاشكرایکرد کە بەرپرسانی بەرشەلۆنە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە دەستبەرداری کۆندی ببن بەڵام بەرامبەر بڕی ٦٠ ملیۆن یۆرۆ لەپێناو ئەوەی کە بەو بڕە پارەیە گرێبەستی نوێ ئیمزابکەن لە کاتێکدا یانەکانی پریمەر لیگ ٤٥ ملیۆن یۆرۆیان بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە تەرخانکردووە.
کۆندی ١٨٨ یاریی بە درێسی بەرشەلۆنەوە ئەنجامداوە، ١٠ گۆلی تۆمارکردووە و ٢٢ ئەسیستی هەیە، حەوت نازناوی لەگەڵدا بەدەستهێناوە کە سێ نازناویان خولی ئیسپانیە.

