سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای موسەننا ئاشکرای کرد کە دوای کشاندنەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، «فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بادەییە» بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی ناوچە بیابانییەکانی پارێزگاکانی موسەننا و نەجەف و هاوسنوور لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە پێکهێنراوە.
سەرچاوەیەک به شەفەق نیوز ڕاگەیاند، ئەم فەرماندەیییە نوێیە لە سێ لیوا پێکهاتووە و بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاسایشی بادەییەی قەزای «نوگرە سەلمان» و ناحیەی «بەسیە» لە پارێزگای موسەننا، لەگەڵ بادەییەی «شەبەکەی» سەر بە پارێزگای نەجەف دەگرێتە ئەستۆ.
هێزەکە لەژێر فەرماندەیی لیوا ڕوکن «عیماد مالیکی»دا دەبێت.
ئەرک و چاودێریی ئەمنی:
ئەرکی سەرەکیی ئەم فەرماندەیییە بریتییە لە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکانی بادەییە و بڵاوەپێکردنی یەکە سەربازییەکان، لەوانەش پاراستنی ئاسایشی ئەو ڕێگەیەی دەچێتەوە سەر دەروازەی سنووریی «جومەیمە» لەگەڵ سعودیە (کە هێشتا لە قۆناغی دروستکردندایە).
بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی ناوچە بیابانییەکان، متمانە بە فڕۆکەی چەکدار و فڕۆکەی زانیاریگرتن (ئیستسلاع) دەکرێت.
پەیوەندیی فەرمانگە ئەمنییەکان:
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەواوی دەزگا ئەمنییەکانی ناو قەزا و ناحییەکانی سەر بەو ناوچەیە، ڕاستەوخۆ دەبەسترێنەوە بە «فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بادەییە»وە.

