zagros news agency

سەرۆک بارزانی؛ سەلیلی مێژوویەکی ڕەسەن و ڕەمزی زیندووی کەڕامەتی نەتەوەیەک

صادق سیرینی

لەڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانیدا – کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان – ئێمە تەنیا یادی ڕووداوێکی سیاسی ناکەینەوە، بەڵکو بەهاکانی وەفاداریی و ڕەسەنایەتی نەتەوەیی نوێ دەکەینەوە.
لەسەردەمێکدا کە ماکینەیەکی میدیایی زەبەلاحی بێڕەحم هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەو شێواندنی ڕەمزە نەتەوەییەکانمان دەدات، گەڕانەوە بۆ ڕەگوڕیشەی ڕاستەقینەی خەبات و دداننان بەبەردەوامی ئەو زنجیرە مێژووییەی لەباب و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، ئەرکێکی ویژدانیی و نیشتیمانییە.
لەڕاستیدا، سەرۆک مەسعود بارزانی، دوواهەمین “سەلیلە” لەدیرۆکی پڕ لەشکۆی نەتەوەی کورددا. دڵسۆزی بۆ ئەم سەلیلە مێژووییە نەفەزڵەو نەتەنیا هەست و سۆزە، بەڵکو ئەرکە، بەڵێ ئەرکێکی نەتەوەیی و ڕەوشتییە کە وەفاداربین بەرامبەر ئەو ڕێڕەوە سەلیلە مێژووییە..
بارزانی، دوواهەمین هەناسەو سولالەی ئەو نەسەبەیە کە لەدیاکۆو سەڵاحەددینەوە هەڵقوڵاوەو درێژبووەتەوە..
ئێمە شاهێدی ئەو سەلیلە ئەصیڵە ڕەسەنزادە، ڕەگ داکوتاوە، ئازادەین کە بەمەشخەڵی خەبات و تێکۆشان، کەڕامەتی نیشتیمان و شکۆی گەلێکی بونیاتنا. سەختە گەلێک لەوە تێبگات کە لەچ وەهم، ژان و دۆخێکی دژواری مەرگەساتباردا دەژیێت؛ بەهۆی ئەو ماکینە دڕندە بێ ئەمانەی جیهان کە چەندە بێڕەحمانە دار لەڕۆحی ئەصاڵەت دەدات، شکۆو کەڕامەتی ڕەمزەکان دەهاڕێت و ڕەوشت و شارستانییەتەکان وردوخاش دەکات!! ئەگەر بارزانی سەلیلی مێژووە، وەفاداری خەڵک بۆ ئەم سەلیلە، ئەرکێکە لەنێوان نەوەکان، خاک و خوێندا سەرچاوەی گرتووەو درێژبووەتەوە. چونکە بارزانی ڕاستەوخۆ لەو ڕەگوڕیشەیەیە.
بۆیە پێویستییەکی حەتمییە تەبابوونی هەمووان بۆ ئاشنابوونەوە، خۆدۆزینەوەو گەیشتن و ڕۆیشتن لەسەر ڕێبازی ڕەسەنی باب و باپیرانمان: ڕێبازی مەزنی سەڵاحەددین، سۆزو حەسرەتی خانی، مەشخەڵی شێخانی تەریقەت، نەعرەتەی نەهری، بوێری پیران، سەروەری سەییدی دێرسیم، گیان فیدایی سمکۆ، دادپەروەری قازی، شکۆی شێخی حەفید، ڕێبەرایەتی بارزانی نەمر، تا دەگاتە دوواهەمین سەلیل کە سەرۆک مەسعود بارزانییە.
ئەو ڕابەرەی کە جەوهەری مێژووی میللەت و شکۆی نەتەوەیەکی ستەملێکراوی لەڕۆح و هزریدا بەرجەستەکردووەو ماناو مەدلولە قووڵەکانی “وەک بیرەوەرییەک” بەئاهو حەسرەتەوە هەڵگرتووە.
ئەمە حەقیقەتێکە، تەنیا ئەوانە درکی پێ دەکەن کە بەدڵێکی هۆشیارەوە دەڕوانن و ڕاشکاوانە لەبنج و بناوانی ئەم بابەتە تێدەگەن و دەفامێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆك بارزانی خه‌مخۆری هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان

یاسین

شوناس وڕێبازی بارزانی وه‌ك رۆژی ڕووناكه‌ بۆ كوردوكوردستان

سەڵاح

چەند سەرنجێك لەبارەی ھەردوو بڕیاری کۆتا و مووچە

دڵشاد