zagros news agency

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە يادى هه‌شتا ساڵه‌ی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا

 

لە هه‌شتا ساڵه‌ى یادی دامەزراندنی پارتیمان، پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بە شکۆدارییەوە بارزانیی نەمر و تەواوی ئەو قاره‌مان و شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە نەبەردانە بەبیر دەهێنینەوە کە بە بڕوا و فيداكارييه‌وه‌ لەپێناو ئازادیی کوردستاندا گیانیان بەخشی. سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکی شەهیداندا دادەنوێنین و سڵاو بۆ خێزان و کەسوکاری سەربەرزیان دەنێرین.

ئەم یادە پیرۆزە لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، لە تەواوی گەلی کوردستان، لە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکان، کادیران، ئەندامان، لایه‌نگران و جەماوەری دڵسۆزى پارتيمان پیرۆز دەکەم. لەم وێستگە مێژوویییەدا، بە ئومێد و بڕوایەکی به‌هێزه‌وه‌ بەڵێنی بەردەوامیی کار و کۆشش لەپێناو ئامانجە باڵاکانی گەلى كوردستاندا دووپات دەکەینەوە.

پارتی بەر لە هەشتا ساڵ، وەک پێویستییەکی مێژوویی لە هەناوی خەون و خواستەکانی گەلی کوردستانەوە لەدایک بوو تا ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی کوردستان بەرەو ئازادی بکات. ئەمڕۆش دوای هەشت دەیەی پڕ لە قوربانیدان و دەستکەوتی مەزن، بە هەمان گوڕوتین و بەرپرسایەتیی مێژوویيیەوە، له‌ خه‌باتى بەردەوامدايە بۆ پاراستنی دەستکەوتە دەستوورییەکان و بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ گه‌لى كوردستان.

لەم یادە پیرۆزەدا، جەخت لەسەر بەرپرسياریەتیی نیشتمانیی پارتی دەکەینەوە وەک پێشەنگ و داینەمۆی پته‌وکردنی تەبایی، پێکەوەژیان و کۆکه‌ره‌وه‌ى گه‌لى كوردستان به‌ ته‌واوى پێكهاته‌كانييه‌وه‌. پارتی هەمیشە دەستپێشخەر دەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و گۆڕینیان بۆ دەرفەتی خزمەتکردنی نيشتمان.

له‌م ياده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ بۆ پاراستنی ئەم کاروانە پڕ لە شانازییە، دەبێت بەردەوام خۆمان لەگەڵ گیانی سەردەم و پێشکەوتنەکاندا نوێ بکەینەوە، برەو بە دامەزراوەییبوون و پێشخستنى حوکمڕانی بدەین تا پارتی وەک هەمیشە متمانە و گەره‌نتیی سەرەکیی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بێت.

سڵاو لە یادی 16ی ئاب، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی
16ی ئابی 2026

هەواڵی پەیوەندیدار

زێڕ لە هەلکشانە

یاسین

منداڵێك له‌ كۆبانێ به‌هۆی گه‌مارۆی سه‌ر شاره‌كه‌یان نه‌توانرا بگه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌ و گیانی له‌ده‌ست دا

سەڵاح

ئەنجوومەنی پارێزگاران بڕیارنامەیەکی لە دژی بەرنامەی ناوکیی ئێران پەسەند کرد

سەڵاح