zagros news agency

پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی هەشتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی شازدەی ئاب و یادی هەشتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەكان، سەرجەم جەماوەر و لایەنگرانی پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم.

پارتی لەپێناو گەڕاندنەوەی هیوا و هێز بۆ گەلی كوردستان لە سەردەمێكی سەخت و دژواردا دامەزرا. بە درێژایی مێژووی خەباتی خۆی، پارتی قوتابخانەی تێكۆشەر و شۆڕشگێڕانی كوردستان بووە و لە هەموو قۆناغەكاندا بەرگریكارێكی سەرسەختی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بووە. پارتی لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوودا ئامرازێكە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و بەجێگەیاندنی ئامانج و بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەكان.

پارتی بڕوای پتەوی بە پێكەوەژیان، برایەتی و تەبایی نێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و عێراق هەیە، هەروەها پڕەنسیپی هاوبەشی و ڕێزگرتن لە دەستوور بە زامنی سەقامگیری، ئارامی و بووژانەوە لە هەموو عێراقدا دەزانێت.

لە یادی شازدەی ئابدا، پەیامم بۆ جەماوەر، لایەنگران و ئەندامانی پارتی ئەوەیە كە پارتی سەرچاوەی هێزی گەلی كوردستانە؛ ئەركی سەرەكیی پارتی خزمەتكردنی گەلی كوردستانە و پشت بەخوای گەورە و ئیرادە و هیمەتی ئێوە و هەموو خەڵكی كوردستان، هیچ كۆسپ و ئاستەنگێك ناتوانێت ڕێگر بێت لەبەردەم ئەم ئەركە پیرۆزەدا.

لەو بۆنەیەدا یادی هەموو ئەو شەهیدانە، پێشمەرگە، تێكۆشەر و قارەمانانە بەرز ڕادەگرین كە بە درێژایی خەباتی پارتی قوربانییان داوە. هەروەها پێزانینم بۆ ڕۆڵی كادیران، ئەندامان و جەماوەری خۆشەویستی پارتی هەیە كە دڵسۆزانە و ماندوونەناسانە لە هەموو بارودۆخێكدا پشتیوانی پارتەكەیان بوون و مێژوو و شانازییان بۆ گەلەکەیان تۆمار كردووە.

مسعود بارزانی

16ی ئابی 2026

هەواڵی پەیوەندیدار

قەدەغەکردن لە ١٤ ناوچەی شرناخ ڕاگەیەندرا

سەڵاح

بەفەرمی کۆمسیۆن راکان جبووری لە کاندید بوون دوورخستەوە

سەڵاح

عه‌لی ره‌شید بۆ زاگرۆس:  95%ـی کارەکانی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر تەواو بووە

سەڵاح