zagros news agency

ماڵپەڕێکی بەریتانی پەردە لەسەر قەبارەی گەندەڵی لە عێراق لادەدات

 

لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی میدڵ ئێستا مۆنیتۆری بەریتانی دا هاتووە، بە توندی ڕەخنە لە دۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم وڵاتە لەبری بونیادنانی ئابوورییەکی تەندروست، پشتی بە سیستەمێک بەستووە کە کار لەسەر دابەشکردنەوە و ڕازاندنەوەی گەندەڵی دەکات لەژێر پەردەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکاندا. ئەم دۆخەش هاووڵاتییانی لە نێوان دەوڵەتێکی فاشل و خاوەن مۆلیدە تایبەتەکاندا گیراودەکات، کە دەستەڵاتیان وەک دەڵاڵی وزە بەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا سەپاندووە.

دەقی ڕاپۆرتەکە جەخت لەسەر ئاڵوگۆڕێکی مەترسیدار لە بنەمای دەسەڵاتدارێتی لە عێراقدا دەکاتەوە؛ بەپێی ڕاپۆرتەکە، عێراق لە ڕابردوودا سەرەڕای هەبوونی دەسەڵاتێکی ستەمکار خاوەنی چەمک و پێناسەیەک بوو بۆ “دەوڵەت”، بەڵام ئەمڕۆ ئەو چەمکە بە تەواوی ئاوابووە و سیستەمێک شوێنی گرتووەتەوە کە تەنها بە گەندەڵی دەناسریتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بە بەڵێنەکانی عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیران کراوە بۆ چاکسازیکردن لە کەرتی کارەبا تا ساڵی 2027 و وەک “پێکەنیناوییەکی سووک” لە قەڵەم دراوە. لە وڵاتێکدا کە پلەکانی گەرما لە وەرزی هاویندا دەگەنە 50 پلەی سەدی، زۆر دوورە لە ڕاستییەوە بتوانرێت توانای بەرهەمهێنان یان گواستنەوەی کارەبا دوو هێندە بکرێتەوە؛ چونکە تەواوی کەرتی وزە لەسەر گرێبەستی وەهمی، وێستگەی تەواونەکراو، ژێرخانی وێرانکراو، قاچاخچێتیی سووتەمەنی و سوتاندنی غاز دروستکراوە، هاوکات بودجەی گشتیی وڵاتیش بەهۆی سیستەمی کەفالەت و دەستکەوتی سیاسییەوە دەمژرێت.

لە کۆتاییدا ڕاپۆرتە بەریتانییەکە دەگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە چاکسازیی ڕاستەقینە بە دەستنیشانکردنی وادەی بێ ئەنجام لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە ڕوونادات، بەڵکو بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو تۆڕە بەرژەوەندخوازانە دەست پێدەکات کە سێکتەری کارەبایان کردووەتە گەورەترین مۆڵگەی گەندەڵی.

قەیرانی بێکارەبایی لە عێراق تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو “تراژیدیای دەوڵەتێکە کە توانای ئیدارەدانی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانی لەدەستداوە، بەڵام هێشتا توانای بەرهەمهێنانی دروشم و وتاری سیاسی ماوە.”
سەرۆک وەزیرانەکان بەردەوام دەبن لە دووبارەکردنەوەی هەمان وتاری دڵنیاکەرەوە، هاووڵاتییانیش هەموو هاوینێک بینەری هەمان مەشهەدی شکستخواردووی ڕابردوو دەبنەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق هەڕەشەی کشانەوە لە ئۆپێک دەکات ئەگەر پشکی بەرهەمهێنانی نەوتی بۆ زیاد نەکرێت

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا دەکات

دڵشاد

ئەمڕۆ دۆلار لەم ئاستەدایە

سەڵاح