میخایلۆ فێدرۆڤ، وەزیری پێشووی بەرگریی ئۆکراینا، لە ڕێگەی گرتەڤیدیۆیەکەوە داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە نێو بارودۆخی جەنگدا کرد. ئەم هەنگاوەی ناوبراو لە کاتێکدایە چوار ساڵ و نیو بەسەر دەستپێکردنی هێرشی بەربڵاوی ڕووسیادا تێپەڕیوە و لێدوانەکەی وەکوو گەورەترین ئاستەنگ و ئاڵنگاری بەرانبەر سەرۆکایەتیی ڤلۆدیمیر زێلینسکی لەم قۆناغە هەستیارەدا لەقەڵەم دەدرێت.
فێدرۆڤی تەمەن ٣٥ ساڵ، لە گرتەڤیدیۆیەکی بڵاوکراوە لە یوتیووبدا بە شێوەیەکی ڕوون گوتی: نابێت دیموکراسی ببێتە بارمتەی دەستی ڕووسیا. ناوبراو هەروەها لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد ئۆکراینا شەڕ بۆ مانەوە دەکات، تەنها لەبەر ئەوەی بە وڵاتێکی ئەورووپیی ئازاد بمێنێتەوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە، لە سەرتاسەری ئۆکراینادا باری نائاسایی و حکوومەتی سەربازی ڕاگەیەندراوە. بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە، لەژێر سایەی حوکمی سەربازیدا هەموو جۆرە هەڵبژاردنێک بە شێوەیەکی کاتی ڕادەگیرێت و بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان هەڵدەپەسێردرێت. فێدرۆڤ کە لە گرتەڤیدیۆکەیدا ڕاستەوخۆ ناوی ڤلۆدیمیر زێلینسکیی نەهێنا، مانگی ڕابردوو و تەنها شەش مانگ دوای دەستبەکاربوونی، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە پۆستی وەزیری بەرگری دوورخرایەوە.
تا ئێستا زێلینسکی هیچ کاردانەوەیەکی فەرمیی بەرانبەر ئەم پەیامە ڤیدیۆییەی فێدرۆڤ نیشان نەداوە. پێشتر بڕیاری لادانی فێدرۆڤ شەپۆلێکی ناڕەزایەتیی لە سەرتاسەری وڵاتدا لێ کەوتبووەوە. لە نێو نێوەندە سیاسی و سەربازییەکاندا ئەم بۆچوونە باوە هۆکاری سەرەکیی دوورخستنەوەی ناوبراو بۆ ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان ئەو و ئۆلێکساندەر سیرسکی، فەرماندەی گشتیی سوپا، دەگەڕێتەوە. لە هەنگاوێکی دواتریشدا، تەنها چەند ڕۆژ دوای وەزیری بەرگری، سیرسکیش لە پۆستەکەی وەکوو فەرماندەی گشتیی سوپا لادرا؛ چونکە بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتییەکان و داواکارییە بەردەوامەکان بۆ گەڕاندنەوەی فێدرۆڤ، گوشاری سیاسیی لەسەر سەرۆکی وڵات چڕتر کردبووەوە.
داواکارییەکەی فێدرۆڤ بۆ هەڵبژاردن، تووڕەیی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و تەنانەت لایەنگرانی گەڕانەوەی خۆیشی بۆ وەزارەتی بەرگری بەدوای خۆیدا هێنا. یەکێک لە ڕەخنەگرانی حکوومەت لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد تەنانەت توندترین نەیارانی حکوومەتیش لەو ڕاستییە تێدەگەن لە کاتی جەنگی گشتگیردا ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن کارێکی تەواو مەحاڵە. ماوەی پێنج ساڵەی سەرۆکایەتیی زێلینسکی لە مانگی ئایاری ٢٠٢٤دا بە فەرمی کۆتایی پێ هاتبوو، بەڵام باری سەربازی ڕێگری لە گۆڕانکاریی دەسەڵات دەکات.
ساڵی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوە کردبوو کیێڤ بۆ خۆدزینەوە لە دەنگدان بارودۆخی جەنگ وەکوو بیانوو بەکاردەهێنێت. لە بەرانبەردا زێلینسکی وەڵامی دابووەوە ئۆکراینا ئامادەیە لە ماوەی ٦٠ تا ٩٠ ڕۆژدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات، بە مەرجێک هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان لە دابینکردنی ئاسایشدا هاوکاری بکەن. ڕێکخستنی پرۆسەیەکی دادپەروەرانە و بێمەترسی لە وڵاتێکدا کە بەردەوام لەژێر بۆردومانی فڕۆکە و مووشەکەکاندا دەناڵێنێت، گرفتێکی گەورەیە. زۆرینەی هاووڵاتییانی ئۆکراینیش لێدوانەکانی ترەمپ لەم بارەیەوە بە هاوتەریبی گێڕانەوەکانی ڤلادیمیر پووتین دەزانن، کە زێلینسکی بە سەرکردەیەکی بێ شەرعییەت ناوزەد دەکات.

