بڕیاری نوێکردنەوەی گرێبەستی فەرمانبەرانی شارەوانی بۆ ساڵی دارایی 2024 دەرچووە و مامەڵەی نوێكردنەوەشیان دەستی پێ كردووە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، كە بۆ وەزارەتی شارەوانی نێردراوە و كۆپییەكی دەست (ئاژانسی ههواڵی زاگرۆس ) كەوتووە، لەسەر بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی رەزامەندیی تازەکردنەوەی گرێبەستی بۆ کارمەندانی گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر دەركردووە.
بەپێی نووسراوەكە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی بڕیارەكە دەیانگرێتەوە 651 كەسن.
نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو فەرمانبەرانە بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت، واتە لە 1ی1ی2024ەوە تاکوو 31ی12ی2024 دەبێت، مەرجی تازەكردنەوەی گرێبەستەكانیشیان ئەوەیە، کە هیچ مووچەی دیكەیان نەبێت و لە دەوامكردنیش بەردەوام بن و بە كردەیی كاری خۆیان بكەن.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند: “فەرمانی نوێكردنەوەی گرێبەستەكان بۆ زۆربەی وەزارەت و فەرمانگەكان نێردراوە و ئەوەی ماویشە دوای وردبینیكردن دەنێردرێتەوە.”
نزیكەی 29 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كورستان دەوام دەكەن.
شوان بهرزنجی