عێراق و کوردستان دەوڵەمەندن بە سامانی سروشتی، بەڵام داهاتووی گەلان لە سەدەی بیست و یەکەمدا بەو بڕە نەوتەی ژێر زەوی دیاری ناکرێت، هێندەی بەو جۆرە مرۆڤەی سەری دیاری دەکرێت.
بۆیە خەرجکردنی پارە بۆ پەروەردە تەنها بڕگەیەک نییە لە بودجەدا، بەڵکو وەبەرهێنانێکی سەروەری درێژخایەنە.
ئێمە پێویستمان بە قوتابخانەیەکە کە زانست و بیرکاری و زمان و تەکنەلۆژیا و زیرەکی دەستکرد فێر بکات، و لە تەك مەمەشدا پێویستە سیستەم و پاکوخاوێنی و ڕێزگرتن لە کات و کاری هەرەوەزی و پاراستنی ماڵ و سامانی گشتی و لێبوردەیی و قبوڵکردنی جیاوازییەکان و دسپلین فێر بکات.
عێراق و کوردستان لە ساڵی ٢٠٥٠
سوودوەرگرتنی ڕاستەقینە لە ئەزموونی ژاپۆن تەنها بە سەرسامبوون پێی نابێت، بەڵکو بە گۆڕینی وانەکان بۆ سیاسەت دەبێت.
پێموایە کە عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە دیدگایەکی ستراتیژی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە هەیە تا ساڵی ٢٠٥٠، کە تەمەنی حکومەتەکان و پارتەکان و خولەکانی هەڵبژاردن تێپەڕێنێت.
پێویستە ئەم دیدگایە چاکسازی لە پەروەردە، پشتگیریکردنی خێزان و منداڵان و گەنجان، لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییەکانی دانیشتووان، بەستنەوەی بازاڕی کار بە پێداویستییەکانی داهاتوو، وەبەرهێنان لە زیرەکی دەستکرد و ئابووریی مەعریفی، دانانی سیاسەتی بەردەوام بۆ ئاو و خۆراك و وزە، و بەهێزکردنی تەندروستیی دەروونی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و هاووڵاتیبوون بگرێتەوە.
هەروەها پێویستمان بە لایەنێکی زانستیی نیشتمانییە کە شارەزایانی بواری دانیشتووان، ئابووری، پەروەردە، کۆمەڵناسی، ژینگە، تەکنەلۆژیا و تەندروستی لەخۆبگرێت، کە ئەرکەکەی لێکۆڵینەوە بێت لە سیناریۆکانی عێراق و کوردستان لە ساڵی ٢٠٥٠دا، و دەرکردنی ڕاپۆرتی وەرزی بێت لەسەر مەترسی و دەرفەتەکانی داهاتوودا .
کەواتە ئەگەر ژاپۆن، بەو هەموو زانست و دامەزراوە و تەکنەلۆژیایەی کە هەیەتی، پلانی چەندین دەیەی داهاتوو دادەڕێژێت، ئەوا شیاوترە بۆ ئێمەش کە دەستپێبکەین پێش ئەوەی ئەو کێشانەی ئەمڕۆ دەکرێت بەڕێوەببرێن، سبەی ببنە قەیرانێك کە چارەسەرکردنیان سەخت بێت.
«لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە بۆ بەڕێوەبردن و سازاندنی داهاتوو»
کێشەکە لە زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەماندا نەبوونی سەرچاوە یان عەقڵ و توانا نییە، بەڵکو زاڵبوونی بیرکردنەوەی کورتخایەنە.
ڕەنگە سیاسەتمەدارێك دوای چوار ساڵ ویلایەتەکەی کۆتایی بێت، بەڵام قوتابخانەیەکی خراپ دەتوانێت کاریگەری لەسەر نەوەیەك بەتەواوی دروست بکات، سیاسەتێکی ئاوی هەڵەش دەتوانێت هەڕەشە لە ملیۆنان مرۆڤ بکات، و فەرامۆشکردنی گەنجانیش دەتوانێت ببێتە هۆی بێکاری، کۆچ، ماددە هۆشبەرەکان، توندوتیژی و لەدەستدانی هیوا.
لە بەرامبەریشدا، لەوانەیە بەرهەمی بڕیارێکی دروست لە بواری پەروەردەدا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا دەرنەکەوێت، بەڵام دەتوانێت داهاتووی وڵات بەتەواوی بگۆڕێت. وە ئەمەش جیاوازیی نێوان بەڕێوەبردنی دەسەڵات و بونیادنانی دەوڵەتە.
«پەیامێک لە ژاپۆنەوە بۆ عێراق و کوردستان»
دوای سەردانە بەردەوامەکانم بۆ ژاپۆن، و بە تێپەڕبوونی ساڵەکان گەیشتمە ئەو دەرئەنجامەی کە
«هیچ موعجیزەیەکی ژاپۆنی نییە کە لە مرۆڤی ژاپۆنی جیابێتەوە.»
ئەو شەمەندەفەرەی لە کاتی خۆیدا دەگات، لە پاشخانیدا کولتوورێك هەیە کە ڕێز لە خولەك دەگرێت، و ئەو شەقامە پاکەی دەیبینین لە پشتەوەی هاووڵاتییەکە کە دەزانێت شوێنی گشتی بەشێکە لە ماڵە گەورەکەی، و ئەو دامەزراوە سەرکەوتووەشی لە پشتەوەیە کە سیستەمێك بەرێوەی دەبات بەرپرسیارێتی دیاری دەکات و لەسەر بنەمای لێهاتوویی لێپرسینەوە و پاداشت دەکات.
لەبەر ئەوە، ئەو پرسیارەی کە دەبێت بیکەین ئەوە نییە: چۆن ببینە وڵاتێک وەک ژاپۆن؟
بەڵکو: چۆن مرۆڤی عێراقی و کوردی بونیاد بنێین کە توانای دروستکردنی ئەزموونە شارستانییە تایبەتەکەی خۆی هەبێت؟
ئێمە خاوەنی زەوی و سامان و مێژووین، و خاوەنی کۆمەڵگەیەکی گەنج و هێزێکی مرۆیی گەورە و بەهای خێزانی و کۆمەڵایەتین کە دەبێت بپارێزرێن. ئەوەی ئێمە پێویستمانە هاوردەکردنی مۆدێلێکی ئامادەکراو نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی درێژخایەنە کە مرۆڤ بگەڕێنێتەوە بۆ چەقی دەوڵەت و گەشەپێدان.
با لە ژاپۆنەوە ڕێزگرتن لە زانست و کار و دامەزراوە و کات و پلاندانان بۆ داهاتوو وەربگرین، وە لە ئاڵنگارییەکانیشیەوە هۆشدارییەکی پێشوەختە سەبارەت بە گرنگیی پاراستنی خێزان و هاوسەنگیی مرۆیی و کۆمەڵایەتی وەربگرین.
با هەر لە ئێستاوە بەم پرسیارە دەستپێبکەین:
دەمانەوێت عێراق و کوردستان لە ساڵی ٢٠٥٠ چۆن بێت؟ وە دەبێت ئەمڕۆ چی بکەین بۆ ئەوەی ئەو داهاتووە دروست بکەین؟
چونکە شارستانییەتەکان تەنها بەو ڕێگا و پرد و باڵەخانانە و دیواربەندانە بەردەوام نابن کە دروستیان دەکەن، بەڵکو بەو مرۆڤانەی کە دروستی دەکەن!
ئەمەش، بە بڕوای من، گەورەترین وانەیە کە لە ژاپۆنەوە بۆ عێراق و کوردستان فێری بووم ئەوەیە (کە مرۆڤ بونیاد بنێین، وە داهاتوو ساز بکەین پێش ئەوەی لە دواڕۆژدا باج و تێچووی چاککردنەوەی زیاتر بێت لە دروستکردنی ئەمڕۆی.)

