بەهۆی لافاوێکی بەهێز لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ئاب، لە نزیک سنووری تبت و نیپال، لانیکەم ١٩ کەس گیانیان لەدەست دا. ئەمەش لە کاتێکدایە چەندین کاتژمێر دوای ڕووداوەکە، هێشتا چارەنووسی نزیکەی ٤٠٠ گەشتیار نادیارە.
زۆرێک لە باڵەخانەکان لە ناوچەکەدا، کەوتنە ژێر ڕێژەیەکی زۆری قوڕولیتە و بەردی هاتووە لە کەنارەکانی ڕووباری نێوان چین و نیپال.
میدیای دەوڵەتیی چین باسیان لە «زیانی گیانیی بەرفراوان و بەرچاو» بەهۆی داڕمانی زەوی لە ناوچەیەکی بازرگانیی تبتدا کرد. شی جینپینگ سەرۆک کۆماری چین فەرمانی ئۆپەراسیۆنی گەڕانی بە بەکارهێنانی «هەموو ئیمکاناتێک» دەرکرد.
ڕێبەری چین جەختی لەوە کردەوە ، «گەڕانی ورد و بەرفراوانە بۆ ڕزگارکردنی قوربانییان و چارەسەری خێرای برینداران بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانییەکان». بەپەلەترین هەنگاوە.
پۆلیسی نیپال هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی گیانلەدەستدانی لانیکەم ٧٠ کەس، پشتڕاستی کردەوە هەشت کاتژمێر دوای ڕووداوەکە هێشتا چارەنووسی ۳۸۴ گەشتیار، لە نێویاندا ۲۹۱ گەشتیاری بیانی نادیارە.
بە پێی زانیارییەکانی دەستەی گەشتیاریی نیپال، ژمارەیەک هاووڵاتیی ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، هیندستان و مالیزیا لە نێو گەشتیارە بێسەروشوێنەکاندان.
لە وێنەکانی پۆلیسی نیپالدا دەبینرێت لافاوی ڕژاو لە ڕووبارەکە بە ڕێڕەوی خۆیدا ماڵەکان و باڵەخانەکانی تر لەناو دەبات.
گوتەبێژێکی پۆلیس لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا وێڕای جەختکردنەوە لە نادیاربوونی ئاستی ڕاستەقینەی زیانەکان، گوتی داوا لە دانیشتووانی ناوچەکە کراوە لە ڕووبارەکە دوور بکەونەوە.
سوپای نیپال جێگیرکردنی چەندین هێلیکۆپتەر و هێزی وەڵامدانەوەی خێرای لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند.
بە گوتەی دامەزراوەی کارەبای نیپال، ٤٣٠ مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی وڵاتەکە، لەوانەش دامەزراوەکانی وزەی خۆر و هایدرۆئەلەکتریک زیانیان بەرکەوتووە. چەندین شاڕێگەی وڵاتەکەش داخراون.
شارەزایانی ناوخۆیی هۆشدارییان لەبارەی ئەگەری زۆری لافاوێکی تر داوە.
سێزدە مانگ لەمەوبەر، بەهۆی داڕمانێکی تری زەوی لە هەمان ناوچەدا ١٧ کەس گیانیان لەدەست دا.
بارینی بارانە وەرزییەکان لە ماوەی نێوان مانگەکانی جۆزەردان تا ڕەزبەر، ساڵانە دەبێتە هۆی لافاوی کوشندە و داڕمانی زەوی لە ناوچەکانی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
بە گوتەی زانایان، گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی زیادبوونی ژمارە و توندیی ڕووداوەکان لە ناوچەکەدا و دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا دۆخەکە خراپتریش بکات.

