ئهمڕۆ پێنجشەممە، بۆ فرۆشتنی مووشەکی پێشکەوتوو و کەرەستەی سەربازی بە کۆریای باشوور، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور، بە توندی سەرکۆنەی بڕیارەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد. پیۆنگیانگ هۆشداری دا کە بە شێوەیەکی “بەهێز و دەستبەجێ” وەڵامی هەر کارێکی دوژمنکارانە لە بوارە جیاوازەکاندا دەداتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی دەنگوباسی ناوەندی کۆریای باکوور (KCNA)، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاندووە: “جارێکی دیکە بە ڕوونی هەڵوێستی دوژمنکارانەی هەمیشەیی ئەمریکامان بەرامبەر بە کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریا بۆ دەرکەوتەوە.”
ئەم کاردانەوە تووندەی پیۆنگیانگ دوای ئەوە هات کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر گرێبەستێکی فرۆشتنی چەک بە بەهای ١٢٥ ملیۆن دۆلار بە کۆریای باشوور، کە لە مووشەکی تاکتیکی ئاسمانی لە جۆری (AIM-9X Sidewinder) و کەرەستەی پەیوەندیدار پێکهاتووە. کۆریای باکوور دەڵێت ئەم چەکانە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی”هەڕەشەیەکی نوێ”ن.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵەکانی بۆ دەسپێکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور نوێ کردووەتەوە و ئارەزووی خۆی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی دیکە نیشان داوە. هەرچەندە ترەمپ دەڵێت کیم وەڵامی هەوڵەکانی داوەتەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە پیۆنگیانگ لەسەر ئاستی فەرمی هیچ ئارەزوویەکی بۆ دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان پیشان نەداوە.
جگە لە پرسی چەک، کۆریای باکوور ڕەخنەی لە پلانێکی واشنتن گرت بۆ دابینکردنی بودجە بۆ چالاکییەکانی پەیوەست بە دۆکیۆمێنتکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەیدا. پیۆنگیانگ ئەم هەوڵانەی بە بەشێک لە “کەمپەینێکی ئامانجدار بۆ تێکدانی سەقامگیریی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەی” وەسف کرد.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن لەمساڵدا ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی چەندین جۆر سیستەمی چەک بە سیئۆل داوە، لەوانە هێلیکۆپتەر و بۆمبی وردی ئاڕاستەکراو، بەمەبەستی بەهێزکردنی توانای شەڕکەری کۆریای باشوور.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسەکەی کۆریای باکوور جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی بە تەواوی ئاگاداری ئەم هەڕەشانەیە و “وەڵامێکی جیدی و دەستبەجێ و بەهێزی” بۆ هەر هەنگاوێکی دوژمنکارانە دەبێت.

