لیژنەی باڵای خەڵاتی داهێنانی عێراقی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە ئامادەبوونی بریکارانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری حکومەتی عێراق و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت، دەستپێکردنی 11یەمین خەڵاتەکەی بۆ ساڵی 2026 بە شێوەیەکی فەرمی ڕاگەیاند.
لە کۆبوونەوەکەدا میکانیزم و پێوەرەکانی پێشکەشکردن و هەڵسەنگاندن پەسەند کران بە مەبەستی زامنکردنی شەفافیەت و پیشەییەتی. هەروەها بوارەکانی کێبرکێ و ڕێزلێنانی ئەم خولە دیاری کران.
بوارەکانی کێبرکێ بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبن، یەکەمیان ئەدەب و زمانی عەرەبی کە شیعر، ڕۆمان، کورتەچیرۆک، لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی، لێکۆڵینەوەی زمانەوانی، ئەدەبی منداڵان، وەرگێڕان و ئەدەبی ژیاننامە لەخۆدەگرێت. دووەمیان: تایبەتە بە ژانرەکانی هونەر، ئەویش هونەری شێوەکاری (شێوەکاری، پەیکەرتاشی و سيرامیک)، شانۆ (دەق و دەرهێنان)، سیینەما (فیلمی داستانی و بەڵگەفیلم)، ئاوازدانان و خۆشنووسی و نەخشەسازی. لە بواری شوێنەوار و دیجیتاڵ، لێکۆڵینەوەی شوێنەواری و کەلەپووری، داهێنانی دیجیتاڵی (دروستکەرانی ناوەڕۆکی ڕۆشنبیری) و دیزاینی گرافیکی و میدیای هاوچەرخ.
جگە لە بەشە پێشبڕکێکارییەکان، لیژنەی باڵا چەند بەشێکی ڕێزلێنانی پەسەند کرد بە مەبەستی ڕێزگرتن لە هۆکارەکانی گەشەپێدانی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار، لەوانە: کەسایەتی داهێنەری ڕۆشنبیری، باشترین کۆمپانیای گەشتوگوزار، باشترین بنکەی گەشتوگوزار، باشترین چێشتلێنەر، باشترین دەستپێشخەری گەنجانەی ڕۆشنبیری و باشترین سەکۆی دیجیتاڵی ڕۆشنبیری.
وەزارەتی رۆشنبیری لە راگەیێندراویکدا بڵاویکردەوە، وەرگرتنی بەرهەمەکان لە ڕێکەوتی 1ـی ئەیلوولی 2026 دەست پێدەکات و تا کۆتایی دەوامی فەرمی ڕۆژی 30ـی تشرینی اولی 2026 بەردەوام دەبێت. بەرهەمەکان لە بارەگەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار/ بەشی فێستیڤاڵ و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان وەردەگیرێن.
خەڵاتی داهێنانی عێراقی بە سەرەکیترین خەڵاتی ڕێزلێنانی دەوڵەت دادەنرێت لە بوارەکانی هزر، ئەدەب، هونەر و زانستدا، کە ئامانجی پشتگیری کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری و بەرزکردنەوەی ئاستی داهێنانی عێراقییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

