رێبوار حەمەلاو شوانى
ئاشکرایە ، ئەرکى راگەیاندن پیشەیەکى زۆر گرنگ و پیرۆز تا ئەو کاتەى خزمەت بە بەرژوەندەییەک باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمانەکەى بکات ، پێچەواکەشى دەبێتە چەک و ئامرازێکى ئاسان ومەترسیدار بۆ بەرژوەندى نەیاران و داگیرکەران، ئەمڕۆ ڕاگەیاندن ، گرنگە زۆر بە هوشیارییەوە مامەڵە بکات و نەبێتە چاوساغ و ڕێنیشاندەرى بۆ دوژمنانى گەلى کورد ، پێوەستە بەرژوەندییە باڵاکانى گەل و نیشتمانەکەى پێش هەموو بەرژوەندییەکى دیکە بخات و بە شێوەیەک ، ڕێگە نەدا ناحەزان بیکەنە ئامرازێک بۆ جێبەجێکردنى مەرامەکیانیان و گرنگە لە خەمى خەڵک و بەرژوەندى وڵاتەکەیان ئەرک وبەرپرسیاریەتییەکانیان جێبەجێ بکەن
ئەرک و میدیا و دەزگەکانى راگەیاندن زۆر هەستیارو بەرپرسیارانەیە، ئەویش بەڕێگە ڕەچاوگرتنى هەلومەرجى ئاسایش و کۆمەڵایەتى و سیاسەتى نابێت هەرگیز کار بۆ ڕووخاندنى بارى دەروونى و بێ هیوایی وڕەشبینى و زیان بە پیرۆزى و سیمبوڵ و مێژووییەکانى نەتەوەکەى بکات ، بەڵکو هەمیشە دەبێتە کار بۆ بەرزکردنى بەها نیشتیمانى و هەستە دروونیەیکانى خەڵک بکات ، خۆى لە هەوڵى چەواشەکارانە و بێ بنەما و دروستکراویی نەیارانى کورد بە دوور بگرێت ، هەروەها شەڕى دەروونى و پەیوەست بە ژیانى رۆژانەى خەڵک نەکات ، دەبێ دەزگەکانى راگەیاندن ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانیان لە چوارچێوەى بەرژوەندییەکانى خەڵکى کوردستان بێت و خۆیان لە هەموو بەرژوەندییەکى تەسکى حزبى و کەسى بەدوور بگرێت
ئەرک و بەرپرسیاریەتى ڕاگەیاندن لە هەموو جیهان پەیوەستە بە ئاسایشى نەتەوەیی و نیشتیمانى و بەرژوەندییەباڵاکانى خەڵک و کۆمەڵگەوە و نابێت بە هیچ شێوەیەک لێیان دوور بکەوێتەوە ، دەبێتە هەواڵ و راپۆرتەکان بەشێوەیەکى راست و دروست بگەێنێت ، پێوست ناکات ببێتە وەڕگێر بۆ هەندێک هەواڵ کە تەنها خزمەت بە داگیرکەر و نەیارانى کوردوکوردستان دەکات ، چونکە ئەرکى میدیا هوشیار و وریاکردنى خەڵک و بەرزکردنەوەى ورەى خەڵکە ، نابێت کاریگەرى میدیا بۆ شکاندنى ئیرادە و ورە و بیروباوەرە نیشتمانی و پیرۆزەکانى بێت ، بۆیە لە هەر کۆمەڵگەیەکى هوشیار و پێشکەوتوودا ، راگەیاندن ڕۆڵێکى گرنگ و کاریگەرى هەیە لە دروستکردنى هوشیارى گشتى ، پاراستنى سەقامگیرى و ئارامیی کۆمەڵایەتى و گەیاندنى ڕاستییەکان بە خەڵک ، بەدڵنییاییەوە ئەرکى ڕاگەیاندن تەنها بڵاوکردنەوەى هەواڵ و کۆکردنەوەى لایک و کۆمێنێت نییە ، بەڵکو بەرپرسیاریەتییەکى گەورەیە
لە کاتە سەخت و پڕ کێشەکانەدا ، ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە زیاتر پڕ بایەختر دەبێت ، لەو کاتانەى کە گەل و نیشتیمانەکەت پێوستیان بە هەواڵ و زانیارى راست و متمانە پێکراوە و دەبێت ، راگەیاندن خۆیان لەهەموو هەواڵێک کە پەیوەندییان بە تێکدانى بارى دەروونى خەڵک هەیە ، بەدوور بگڕن و ببنە هۆى ئارامى و ئاسوودەیی خەڵک و نەک ترس و بێ متمانەیی
ئەوەى جێگەى هەڵوەستەکردنە چەند ساڵێکە لە نێو ئەو سەقامگیرى و ئازادى و دیموکراسییەتەى کە لە کوردستان بوونى هەیە ، هەندێک دەزگەى راگەیاندن و میدیایی نەک هەر لە ئەرک و بەرپرسیاریەتى نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان لایانداوە و، بەڵکو بوونەتە ئامراز و چەکێکى مەترسیدار بە دەست نەیارانى کورد بۆ دروستکردنى هەواڵى چەواشەکارانە و بێ متمانەیی و هاندانى خەڵک بۆ کارى تێکدەرانە و شێواندنى ئاسایشى کۆمەڵایەتى ، ئەویش بەڕێگەى وروژاندنى هەندێک هەواڵ و راپۆرتى چەواشەکارانە و درۆ و بەڵام کاریگەر بۆ ئەوەى زیان بە ئاسایشى نەتەوەیی و نیشتیمانى لە قۆناغە هەستیارەکان بگەێنێت ، ئەوەش تەنها دوژمنانى کوردستانى لێ سوودەمەند دەبێت
قۆناغى ئێستاى دۆزى کورد زۆر گرنگ و هەستیارە ، وەک میدیایی کوردى دەبێت پابەندى بەها پیشەیی و ڕەوشتبەرزى و لە خزمەت نەتەوە ونیشتیمانەکەى دابێت و خۆى لە شەڕى دەروونى و بانگەشەى ناڕاست و هەر جۆرە هەواڵێک و هەوڵێک بۆ تێکدانى ئارامى و سەقامگیرى کوردستان بەدوور بگرێت ، چونکە کوردستان پێوستى بە میدیایی چەواشەکار و گەوجێنەر و تابوورى پێنجەم نییە ، بەڵکو راگەیاندن دەبێت وەک پردێکى متمانەپێکراو و ڕاستگۆبێت لە نێوان خەڵک نەک ترس و دڵەڕاوکێ و بێ متمانەیی
ڕاستە ئازادى مافێکى ڕەوایە بۆ هەر دەزگایەکى راگەیاندن ، بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکى گەورە لەبەردەم ئەو میدیا و دەزگە راگەیاندنانە دایە ، بۆ ئەوەى خزمەتى بەرژوەندییە باڵاکانى نەتەوە و نیشتیمانەکەیان بکەن ، نەک خزمەت بە نەیارانى کوردستان بکەن و ببنە وەرگێرى ئەو پلان و سیناریۆیانەى کە مەرامیان زیان گەیاندنە بۆ دۆزى کورد و بیروباوەر و پیرۆزییەکانى ، ئەمڕۆ گرنگە و زەرووریشە دەزگەکانى راگەیاندن بە هەموو جۆرەکانییەوە لە ئاست راگەیاندنێکى پیشەیانە، بەرپرسیارانە و ڕاستگۆ بن؛ بەتایبەتى لەو کاتانەى گەل و نیشتیمان دەکەوێتە قۆناغێکى هەستیار لە رووى سیاسى ، سەربازى ، ئابوورى و تەنگانەوە ، لەو کاتە ڕاگەیاندن دەتوانێت ڕۆڵى گرنگ و بەرچاویی نیشتیمانپەوەری و کوردپەوەریانەى خۆى ببینێت ، نەک قەیرانسازى و خزمەتى نەیارانى کوردوکوردستان بکات

