سۆفی میدلین، پسپۆڕی خۆراک لە بەریتانیا، سوودە تەندروستییەکانی چوار جۆر ماسیی باوی ئاشکرا کرد و کاریگەریی هەر جۆرێکیانی لەسەر جەستەی مرۆڤ و پرۆسەی دابەزاندنی کێش روونیکردەوە.
میدلین تایبەتمەندییەکانی ئەو چوار جۆرە ماسییەی بەمشێوەیە خستە روو:
ماسی ماکەرێل
ئەم ماسییە لە جۆری ماسییە چەورەکانە و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا-3 و ڤیتامین B12ـە. راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، پارچەیەک ماسی ماکەرێل نزیکەی دوو ئەوەندەی ئەو بڕە ئۆمیگا-3ـیەی تێدایە کە لە پارچەیەکی هاوشێوەی ماسی سەلمۆندا هەیە. توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد دەریدەخات، خواردنی دوو پارچە ماکەرێل لە هەفتەیەکدا پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی مەترسیی مردن بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بە رێژەی 36%ـی هەیە. سەرەڕای ئەمانە، ماکەرێل چەوریی زیاتری لە ماسییە سپییەکان تێدایە، بۆیە باشترە لە چوارچێوەی سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگدا بخورێت.
ماسی کۆد
کۆد بە رێژەی چەوریی کەم و پرۆتینی بەرز جیادەکرێتەوە، ئەمەش وای لێ دەکات بژاردەیەکی گونجاو بێت بۆ ئەوانەی ئامانجیان کەمکردنەوەی کالۆرییە. بەهای خۆراکیی ئەم ماسییە کاتێک باشترە بە برژاندن لە فڕن یان لەسەر ئاگر ئامادە بکرێت، نەک بە سوورکردنەوە. هەروەها کۆد سەرچاوەیەکی باشی یۆدە کە کانزایەکی پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی هۆرمۆنەکانی غودەی دەرەقی، رێکخستنی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی ماددەکان و لێدانی دڵ، هاوکات بۆ گەشەی مێشک و کۆئەندامی دەمار گرنگە. بەپێی داتاکانی راپۆرتەکە، ئاستی ئۆمیگا-3 لە ماسی کۆددا نزیکەی دە هێندە کەمترە لە ماسی سەلمۆن.
ماسی قارۆس
قارۆس بڕێکی باش لە پرۆتین و ئۆمیگا-3 دابین دەکات و بۆ ئەوانەی حەزیان بە ماسییە سپییەکانە بژاردەیەکی گونجاوە. ئەم ماسییە بەراورد بە چەند جۆرێکی دیکەی ماسییە سپییەکان، ئۆمیگا-3ـی زیاتری تێدایە. میدلین روونیکردەوە، قارۆس لەوانەیە ئاستێکی بەرزی جیوەی تێدا بێت بەراورد بە سەلمۆن و کۆد. جیوە لە رێگەی زنجیرەی خۆراکەوە لە ماسییەکاندا کەڵەکە دەبێت و بەشێوەیەکی گشتی لەو ماسییە گەورانەدا زیاترە کە لەسەر زیندەوەرانی دیکە دەژین. بەرکەوتن بە ئاستی بەرزی جیوە لەوانەیە ببێتە هۆی کێشە لە بینین، یادەوەری و هەماهەنگیی جووڵە. سەرەڕای ئەوە، میدلین دووپاتیکردەوە ئاستی جیوە لە قارۆسدا بەشێوەیەکی گشتی نزمە و رێگەی پێ دەدرێت هەفتەی جارێک بخورێت.
ماسی سەلەمون
سەلمۆن بڕێکی زۆر پرۆتین و چەوریی دەوڵەمەند بە ئۆمیگا-3 لەخۆ دەگرێت، ئەمەش وای لێ دەکات یەکێک بێت لە دیارترین بژاردەکان لەنێو ماسییە چەورەکاندا. هەڵبژاردنی گونجاوترین جۆر بەپێی ئامانجی خۆراکی دەگۆڕێت؛ کۆد بە کەمبوونی کالۆری جیادەکرێتەوە، ماکەرێل و سەلمۆن بڕی زیاتری ئۆمیگا-3 دابین دەکەن، قارۆسیش بژاردەیەکی مامناوەندە لەگەڵ پێویستیی ئاگاداربوون لە ئاستی جیوەکەی. هەمەجۆرکردنی جۆرەکانی ماسی و ئامادەکردنیان بە رێگەی تەندروست، وەک برژاندن یان کوڵاندن لە فڕن، باشترین رێکارە لە چوارچێوەی سیستەمێکی خۆراکیی هاوسەنگدا.

