ڕۆژی شەممە 29ی ئابی 2026 لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز دکتۆر ماهر کرکی کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە شاری هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی فەڵەستین کە بەبۆنەی کۆتاییهاتن بە ئەرکەکانی و بۆ ماڵئاواییکردن سەردانی سەرۆک بارزانیی کردبوو، سڵاوی تایبەتی سەرۆک مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستینی بە سەرۆک بارزانی گەیاند، هەروەها پیرۆزباییشی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ وەرگرتنی نیشانی ئاستبەرزی پاپای ڤاتیکان و ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە ڕەگداکوتانی فەرهەنگی تەبایی و پێکەوەژیان بەرز نرخاند. سوپاس و پێزانینی خۆیشی ئاراستەی گەلی کوردستان کرد کە هەردەم هاوسۆزی ئازار و نەهامەتیەکانی گەلی فەڵەستین بوونە. هەروەها سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کرد لە ئاسانکاری و یارمەتیدانی جالیەی فەڵەستینی و بەخشینی زەماڵە و ڕەخساندنی خوێندن بۆ قوتابیانی فەڵەستینی.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆک مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین کرد، وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڵەستین، جەختی لە ڕەوایەتیی دۆزی هەردوو گەل و ماف و داوکارییەکانیان کردەوە. سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆز دکتۆر ماهر کرکی خواست لە ئەرک و کارەکانی.

