zagros news agency

جەماوەر لە چاوەڕوانی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی

 

بەهرە محەمەد

خەڵکی کوردستان بە پەرۆشە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لووتکەی پارتی و یەکێتی تاکو کۆتایی بەم دۆخە چەقبەستووەی کوردستان بهێنرێت ، چونکە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زۆربەی لایەنە سیاسیەکان و سەرکردەکان خواستیان لەوەدایە کە پارتی و یەکێتی کۆببنەوە و ڕێککەوتنێکی گرنگ ئەنجام بدەن بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان .
سەرۆک بارزانی وەک مەرجەع و سەرۆکی کوردستان بەر لە هەموو کەسێک داوای لە لایەنە سیاسیەکان کرد کە ناکۆکیەکان وەلا بنێن و هەوڵ بدەن کۆ ببنەوە و ڕێککەون لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان داواشی کرد لایەنە سیاسیەکان سازش لەسەر مافەکانی خۆیان بکەن بۆئەوەی لە ماوەیەکی نزیک حکومەت دروست بکرێت چونکە جەماوەری هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی ڕێککەوتنی لایەنەکانە.
ئەم دۆخەی ئێستاش هەموولایەنێک و خەلکی کوردستانی نائومێد کردووە بەجۆرێک بووەتە هۆی لاوازی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر عێراق و بەدیهێنانی مافەکانی خەلکی کوردستان چونکە ڕێکەوتنی لایەنەکان لەسەر دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان خواستی هەموو لایەنێکە ، ئەگەرچی لە زۆربەی لێدوانەکانی لایەنە سیاسیەکان لەگەڵ ئەوەدان کە بەزووترین کات لایەنەکان کۆ ببنەوە و هەوڵی ئەوە بدەن جۆرێک لە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی بێتە دی لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا . سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە زۆربەی لێدوان و کۆنگرە ڕۆژنامەڤانیەکانیدا باسی لە گرنگی یەکڕیزی لایەنە سیاسیەکان کردووە و بە پێویستیێکی نەتەوەیی زانیوە و بە ئاشکرا ئەوەی بە لایەنەکان گوتووە کە جگە لە یەک ڕیزی و ڕێککەوتن هیچ ڕێگەیەکی تر لە پێش کورد دا نیە ، وە لە زۆربەی دیدار و سەردانەکانی کاری جدی بۆ ئەوە کردوە کە دەبێت بەزووترین کات پارتی و یەکێتی و لایەنەکان بگەن بە ڕێکەوتن و کار بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بکەن و هەنگاو بەرەو دروستکردنی کابینەی نوێ بنێن.
نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە گوزارشت لە سەرجەم لایەنەکانی کوردستان دەکات پاڵپشتی لە هەر هەوڵێک کردووە بۆ ئەوەی ناکۆکیەکان نەمێنن و تا ڕاددەیەک کەم ببنەوە و ڕێکەوتنی لایەنەکان بکرێت بۆ هەبوونی حکومەتێکی بنکە فراوان .
ئەوەی لەم ڕۆژانەدا باسی میدیا و لێدوانی بەرپرس و وتە بێژی پارتی یە کە گوتی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی لوتکە کۆدەبنەوە ئەمە خواستی خەڵک و جەماوەری کوردستانە چونکە داواکاری خەلکی کوردستانە کە دەنگیان داوە بۆ دروستکردن و هەبوونی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێ و کاری جدی بۆ بکرێت و بنیاتنان و پێکەوە کارکردنی لایەنە کوردیەکانە بۆ هەرێمێکی بەهێزتر.
جەماوەری کوردستان هەموو ئومێد و هیوای بەم دانیشتن و لێکتێگەشتنە یە کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەرگای گفتوگۆ واڵا بکرێت تاکو خەڵکی کوردستان لەسایەی ئەو ڕێکەوتن و تێگەشتنەی نێوان لایەنەکان هەست بە ئارامی و جێگیربوون بکەن و بەرهەمەکەی ئەنجامی هەبێت.
خەڵکی کوردستان لایان ڕوون و ئاشکرایە بە ڕێکەوتنی لایەنەکان بەتایبەی پارت و یەکێتی دەرەنجام دۆخی سیاسی و ئابووری باشتر دەبێت هەمووان سودمەند دەبن ئەمەش لەبیر نەکەین کە ناکرێت خەلکیش هێندە چاوەڕێی ڕێکەوتن بن کە نەکراوە تا ڕاددەیەک لەبەر بەرژەوەندی هەندێک حزب و لایەن ، دڵنیاشم لایەنە سیاسیەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی لەوە تێگەیشتوون کە خەڵک و هاوڵاتی کوردستان ناڕازین لە دوورکەوتنەوەی پارتی و یەکێتی ، دەکرێت ئەم دەستپێشخەریەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاری جدی لەسەر بکرێت بۆ گەشتن بە ڕێکەوتن بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە نەخوازراوە ، هەروەک لە ئەرزی واقع دەبینین کە دواکەوتنی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێک نەهێنانی حکومەتی هەرێم هەموولایەک تێیدا زەرەر مەندە چونکە هیچ دەزگایەکی رەقابی و نەبوونی یاسایێکی تازەی تایبەت بە بژێوی ژیانی خەڵک پەرتەوازەیی لایەنەکان هیچی تر بوونی نیە لە هەرێم هەربۆیە خواستی خەڵک و هاوڵاتیان زیاتر فۆکس خستنە سەر ئەم کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە کە ئومێدێکن بۆ ڕێکەوتن هەستکردن بە ئاسایش و ئارامی لە وڵات ، بە ڕێکەوتنی پارتی و یەکێتی پێگەی هەرێم زیاتر بەهێز دەبێت و خواستی هەرێمی کوردستان لە داهاتووی عێراق بە یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی دەتوانرێت زیاتر مافە دارایی و دەستووریەکانی بپارێزێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

په‌كه‌كه‌ و کردوە تێکدەرانەکانی

سەڵاح

پارتى حزبى هەڵبژاردن و دیموکراسییە

سەڵاح

ستراتیژ و روانگەى مەسروور بارزانى بۆ ئێستا و داهاتووى کوردستانێکى گەشەسەندووە

سەڵاح