zagros news agency

ئوردن دەستبەسەرداگرتنی باڵۆنی هەڵگری چەک و پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی دزەکردنی چەکدارانی لە سووریاوە ڕاگەیاند

دەسەڵاتدارانی ئوردن ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند، دەستیان بەسەر چەند باڵۆنێکی گەرمیدا گرتووە کە بە مەبەستی قاچاخکردنی چەکی ئۆتۆماتیکی بۆ نێو خاکی ئەو وڵاتە بەکارهێنراون، هاوکات سوپای وڵاتەکەش پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی دزەکردنی چەکدارانی لە سنووری سووریاوە ئاشکرا کرد.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی ئوردن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پۆلیسی پارێزگای “کەرەک” ئاگادار کراوەتەوە لە بوونی جانتایەکی گوماناوی لە ناوچەی “محی”، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنەکە و ناوچەکەیان گەمارۆ داوە تاوەکو شارەزایان پشکنینی بۆ بکەن.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی روونیکردەوە، دوای پشکنینی جانتاکە کە لە ڕێگەی باڵۆنی گەرمییەوە گوازرابووەوە، دەست بەسەر ٩ چەکی ئۆتۆماتیکی و چەند ئامێرێکی دیاریکردنی شوێن (GPS)دا گیراوە. بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، باڵۆنەکە بەهۆی ئاراستەی باوە لە سنوورەکانی باشووری شانشینەکەوە هاتووە و لێکۆڵینەوەکانیش لەوبارەیەوە بەردەوامن.

پووچەڵکردنەوەی دزەکردنی گروپێکی چەکدار لە سووریاوە

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئوردن (پێترا) لە زاری هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بڵاویکردەوە، پاسەوانانی سنوور توانیویانە هەوڵێکی دزەکردنی گروپێکی ١٤ کەسیی چەکدار لە خاکی سووریاوە بۆ نێو ئوردن پووچەڵ بکەنەوە.

سوپای ئوردن ڕایگەیاند: “گرووپە چەکدارەکە لەژێر پەردەی تەقەیەکی چڕ و پێکدادانی ڕاستەوخۆدا هەوڵی دزەکردنیان داوە، بەڵام هێزەکانمان دەستبەجێ و بەپێی یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوە وەڵامیان داونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ژمارەیەک لە چەکدارەکان و ئەوانەی مابوونەوە بەرەو قووڵایی خاکی سووریا هەڵاتوون.”

هەواڵی پەیوەندیدار

بکوژێک دەستگیر کرا

یاسین

‎سۆمۆ: لە مانگی تەمموزدا عێراق زیاتر لە 42 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە

گوران

ڕێژەی منداڵبوون لە عێراق دابەزیوە

یاسین