بە بڕوای سەرۆککۆماری فینلەندا، دەبێت ئەورووپا خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ بەرانبەر ڕووسیا ئامادە بکات، بەڵام هێرشێکی نزیک بۆ سەر ناتۆ یان بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئۆکراینا بە دوور دەزانێت.
ئەلێکساندەر ستووب، سەرۆککۆماری فینلەندا، دژایەتیی ئەو نیگەرانییانەی کرد لە ئەڵمانیا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕووسیا بۆ سەر خاکی ناتۆ تا ساڵی ٢٠٢٩ هاتبوونە ئاراوە. ستووب بە ڕۆژنامەی “بیڵد”ی گوت: «زۆر باش دەبوو گەر کەسێک گۆی شووشەیی بۆ پێشبینیکردنی داهاتوو هەبووایە، بەڵام من بە سادەیی نە هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەم بابەتە دەبینم و نە هیچ ڕاستییەک پشتڕاستی بکاتەوە.» ناوبراو گوتی، بڕوا ناکات ڕووسیا “هەرگیز بیهەوێت هێرش بکاتە سەر بەهێزترین هاوپەیمانیی سەربازیی جیهان، واتە ناتۆ”.
ستووب وێڕای هۆشداریدان لەوەی نابێت مەترسیی ڕووسیا بە کەم بزانرێت، گوتی: «هەمیشە دەبێت بۆ خراپترین دۆخ ئامادە بین تا بتوانین پێشی پێ بگرین.» ناوبراو هەڵسەنگاندنەکەی لەسەر بنەمای زانیاریی دەزگا هەواڵگرییەکان و توانای بەرپەرچدانەوەی ناتۆ خستە ڕوو و گوتی: «بۆ هیچ هێزێک لە جیهاندا لۆژیکی نییە ئیرادەی ئەم هاوپەیمانییە بخاتە بەردەم تاقیکردنەوەوە.»
سەرۆککۆماری فینلەندا بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ڕووسیاوە لە ئۆکراینا بە دوور زانی و ئاماژەی بەوە کرد وەزیری دەرەوەی چین لە دیدارێکدا پێی گوتووە: «ئێمە هەرگیز ڕێگە بە ڕووداوێکی لەو شێوەیە نادەین.»
ستووب لە بەرانبەردا، کۆکردنەوەی هێزی نوێ لە ڕووسیا لە وەرزی پاییزدا بە ئەگەرێکی بەهێز زانی و گوتی، ڕووسیا مانگانە لە نێوان ٣٠ تا ٣٥ هەزار سەرباز لەدەست دەدات، بەڵام هاوکات تەنها ٢٧ هەزار هێزی نوێ وەردەگرێت؛ هەر بۆیە مۆسکۆ ناتوانێت جیا لەمە، هێز بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکە کۆ بکاتەوە. ناوبراو گوتیشی ناکرێت چاوەڕوان بین کێشە ئابوورییەکان کۆتایی بە شەڕی ڕووسیا بهێنن، چون وڵاتێکی لە حاڵەتی شەڕدا بەرگەی زەختی ئابووری دەگرێت.
ستووب داوای دەستپێکردنەوەی پێوەندیی دیپلۆماسیی ئەورووپای لەگەڵ ڕووسیا کرد و گوتی: «پێم وایە دەبێت یەک یان چەند کەسێک لە ئەورووپا بچنە نێو وتووێژ لەگەڵ ڕووسیا تا لە ئاستی سیاسیدا قسە بکەن و پێش بە لێکگەیشتنی هەڵە لەسەر هەنگاوەکانمان بگرن.»

