جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، جەختی لە پابەندبوونی تەواوی وڵاتەکەی کردەوە بەوەی چەکی یاسایی بە تەنها لە دەستی حکوومەتی لوبناندا بێت.
عەون لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی ٤٨ەمین ساڵیادی بێسەروشوێنبوونی ئیمام مووسا سەدر و دوو هاوڕێکەی، محەممەد یەعقووب، زانای ئایینیی شیعە و عەباس بەدرەدین، ڕۆژنامەنووس، جەختی لە «فراوانکردنی دەسەڵاتی سوپای لوبنان بەسەر تەواوی خاکی ئەم وڵاتەدا لە پێناو جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٧٠١ و دەستەبەرکردنی سەروەریی تەواوی لوبنان» کردەوە.
بە گوتەی عەون، ئەم هەنگاوە «ڕێک ئەو ئامانجە بوو ئیمام سەدر هەوڵی بۆ دەدا؛ حکوومەتێک لە هاووڵاتییانی خۆی بپارێزێت و باشوور لە بەرانبەر مەترسیدا بە تەنیا جێ نەهێڵێت.» ناوبراو گوتی: «ئەو باوەڕەی ئیمام سەدر هەیبوو لە یەکڕیزیی نیشتمانی و حکوومەتێکی دادپەروەر، وەک چرای ڕێگامان لە بووژانەوەی نیشتمانیدا دەمێنێتەوە.»
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان لە زاری عەونەوە ڕایگەیاند: «ئەو چەکەی خاکی وڵات دەپارێزێت، تەنها چەکی یاسایی حکوومەتە و ئاسایش بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و کورت ناکرێتەوە بۆ لایەنێکی دیاریکراو.»
عەون درێژەی پێ دا: «٤٨ ساڵ بەسەر بێسەروشوێنبوونی ئیمام مووسا سەدردا تێپەڕیوە، بەڵام دۆسیەکەی وەک پرسێکی مرۆییی کراوە دەمێنێتەوە و وەک حکوومەت بەردەوام دەبین لە بەدواداچوونی دۆسیەکە لە هەردوو ئاستی دووقۆڵی و نێودەوڵەتیدا بۆ دەرکەوتنی تەواوی ڕاستییەکان.»

