zagros news agency

یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان: هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەنجانی خانەقین درێژکراوەی سیاسەتی بەعسە

مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هەڵمەتی ڕەشبگیری و دەستگیرکردنە دەکات کە لە شاری خانەقین دژی گەنجان و چالاکوانان دەستیپێکردووە، داواش دەکات دەستبەجێ ئەو گەنجانە ئازاد بکرێن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ ٣١ـی ئاب بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “بە توندی سەرکۆنەی ئەو هەڵمەتە ڕەشبگیرییە دەکەین کە بەرانبەر گەنجان و لاوانی چالاکوانی شاری خانەقینی تێکۆشەر دەستیپێکردووە. ئەم ڕەفتارانە بە مەبەستی کپکردنی دەنگی ناڕەزایەتییە بەرانبەر شاڵاوی نوێی ‘تەعریب’ و داواکردنی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستوور ئەنجام دەدرێن.”

یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، ئەو هەنگاوانە بە “درێژکراوەی سیاسەتی چەوت و ستەمکارانەی ڕژێمی پێشووی بەعس” ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات کە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٤١ گەنج تەنیا لەسەر ویستی ئەنجامدانی گردبوونەوەیەکی ئاشتییانە، پێشێلکردنی ڕوونی بنەماکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤە و بە هیچ جۆرێک قبوڵکراو نییە.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕێکخراوەکە پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ گەنجان و قوتابیانی خانەقین دوپات دەکاتەوە و داوا لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەکات؛ بە جیدی و بەپەلە کار بۆ ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە بکەن و پارێزگاری لە مافی گەنجانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بکەن.

لە کۆتاییدا یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە “ناسنامەی خانەقین بە ڕەشبگیری و تۆقاندن ناگۆڕدرێت” و پێویستە کۆتایی بەو فشارە ستەمکارانەیە بهێنرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق لە داڕمانی دارایی نزیك دەكەوێتەوە

سەڵاح

سەرۆک بارزانی بەشداری لە پرسەی شەهیدانی پێشمەرگە لە شاری سۆران دەکات

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و شاندێكى سه‌ربازيى فه‌ره‌نسا دۆخى ئه‌منيى ناوچه‌كه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن

یاسین