کۆمپانیای پارامۆنت پیکچەرز بە فەرمی ڕایگەیاند، تۆم كروز پاش زیاتر لە 30 ساڵ لە پێشکەشکردنی فلیمی “Days of Thunder“، دەگەڕێتەوە بۆ بەرجەستەکردنەوەی کارەکتەری کۆل تریکڵی بۆ پێشبڕکێی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل.
لەم بەشە نوێیەدا، ئەکتەری دیاری هۆڵیوود ئان هاساوای هاوبەشیی تۆم كروز دەکات و ڕۆڵی خاوەنی تیمی پێشبڕکێ و ئەندازیارێک دەگێڕێت.
ئەم پڕۆژەیە بە بەشداریی كروز لەگەڵ هەردوو بەرهەمهێنەر جێری برۆکهایمەر و تۆمی هارپەر بەرهەمدەهێنرێت.
ئەرکی دەرهێنانی فلیمەکە بە جۆناسان لیڤاین سپێردراوە کە دەرهێنەری فلیمەکانی “Warm Bodies“، “50/50“، “Long Shot“ـە، هەروەها ویل ستابڵز ئەرکی نووسینی سیناریۆکەی گرتۆتە ئەستۆ.
فلیمەکە بە تەکنەلۆجیای ئایماکس وێنەی دەگیرێت بۆ پێشکەشکردنی دیمەنی واقیعی و پرۆفێشناڵ لە نێو پێشبڕکێدا.
بڕیارە فیلمەکە لە 2ـی حوزەیرانی 2028 لە سینەماکانی جیهان نمایش بکرێت.
پارامۆنت بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک ڕاگەیەندراوەکەی بڵاوکردەوە، تێیدا تۆم كروز (64 ساڵ) و ئان هاساوای (43 ساڵ) لە تەنیشت ئۆتۆمبێلێکی پێشبڕکێی سەوز وەستاون، سەرەڕای بڵاوکردنەوەی کورتە ڤیدیۆیەک بۆ ناساندنی پڕۆژەکە.
فلیمی ڕەسەنی “Days of Thunder” لە 1990 لە دەرهێنانی تۆنی سکۆت بەرهەمهێنرا، جگە لە تۆم كروز، ئەکتەرانی وەک ڕۆبەرت دۆڤال، ڕاندی کۆید، مایکل ڕوکەر و کاری ئەیلویس ڕۆڵیان تێدا گێڕا.
فلیمەکە دەستپێکێکی بەهێز بوو بۆ درەوشانەوەی نیکۆڵ کیدمان لەسەر ئاستی جیهانی و یەکەم کاری هاوبەشی بوو لەگەڵ تۆم كروزدا.

