ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئابی 2026، فارس عیسا سەرۆکى نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ عەمار سوبحی خەڵەف سەرۆکی دیوانى چاودێریى داراییی فیدراڵی کۆ بووەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی پتەوکردنی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان وەزارەت و دامودەزگا فەرمییەکانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەیسەم ئەلحوسێنی ڕاوێژکاری سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیرانى فیدراڵ ئامادەی بوو، باس لە چەند پرسێکی هاوبەش کرا، لە سەرووى هەمویانەوە کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەتایبەتی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؛ هەروەها ڕێگاکانی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە داراییە هەڵپەسێردراوانە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگیی بەرزکردنەوەی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان دامودەزگا و ئۆرگانەکانی چاودێری لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان کرا، بەمەبەستی خزمەتکردنی بەرژەوەندیی گشتی و بەشداریکردن لە چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی کە جێگای بایەخی هاوبەشن.
لەکۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا تاوتوێی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان دیوانى چاودێریی داراییی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیان کرد، کە پەیوەندی بە چاودێریکردنی خزمەتگوزاری و وردبینیی ژمێریارییەکانەوە هەبوو؛ هەروەها گرنگیی جێبەجێکردنی ئەوەی لەسەری ڕێککەوتبوون و بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان هەردوولا لەو بوارەدا.

