zagros news agency

لیۆنێل ڕیچی دوای کۆنسێرتێکی دەخرێتە چاودێریی چڕەوە

گۆرانیبێژی ناسراوی ئەمریکی، لیۆنێل ڕیچی (77 ساڵ)، دوای چەند کاتژمێرێک لە ئەنجامدانی دوایین کۆنسێرتی، ڕەوانەی بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەیەکی شارۆچکەی سانت لویس لە ویلایەتی میزۆری کرا. ئەم ڕووداوە نیگەرانیی لای جەماوەرەکەی دروستکردووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی “ TMZ“، ڕیچی دوای کۆتاییهاتنی کۆنسێرتەکەی لە شەوی شەممە 29ـی ئاب لەسەر شانۆی مۆنی، خۆی سەردانی نەخۆشخانەی کردووە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بردنەژوورەوەی بۆ چاودێریی چڕ تەنیا ڕێکارێکی خۆپارێزی بووە، لەکاتێکدا پزیشکان لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تووشبوونی بە وشکبوونەوەی جەستە دەکەن.

 

نیشانەکانی ماندوێتی لەسەر شانۆ لە خولەکە کۆتاییەکانی کۆنسێرتەکەدا، ئامادەبووان هەستیان بە ماندوێتیی ڕیچی کرد، بۆیە داوای لە تیمەکەی کرد کورسییەکی بۆ بهێننە سەر شانۆ تاوەکو لە کاتی چڕینی گۆرانییە بەناوبانگەکەی” All Night Long ” لەسەری دانیشێت. ئەگەرچی بە دانیشتنەوە بەشە کۆتاییەکەی گۆرانییەکەی تەواو کرد، بەڵام ئەم دیمەنە سەرنجی جەماوەرەکەی ڕاکێشا و وەکو ئاماژەیەک بۆ ماندوێتیی توندی ئەو هونەرمەندە لە قەڵەم درا.

 

لێدوانەکانی ڕیچی لەبارەی تەندروستییەوە لە کاتی پێشکەشکردنی بەرنامەکەیدا، باسی لە تێکچوونی تەندروستیی خۆی کرد لە سەرەتای ئەم گەشتە هونەرییەدا. ئاشکرای کرد، دوای هەستکردن بە گێژبوون لە کۆنسێرتەکەی سەردانی پزیشکی کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە، بەدەست وشکبوونەوەی جەستەوە دەناڵێنێت، لەبەر ئەوە، بە بەردەوامی خەریکی خواردنەوەی ئەو گیراوانە بوو کە ماددەی ئەلیکترۆلایتیان تێدایە، تاوەکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کێشەیە بکات کە لە مانگی حوزەیراندا تووشی بوو.

 

تەنگژەی تەندروستیی پێشوو ئەم ڕووداوەی سانت لویس یەکەم حاڵەت نییە لەم گەشتە هونەرییەدا؛ لە 24ـی حوزەیرانی ڕابردوودا، لە کاتی کۆنسێرتێکیدا لە سانت پۆڵ لە ویلایەتی مینیسۆتا، ڕیچی هەستی بە گێژبوون کرد و بە جەماوەرەکەی ڕاگەیاند، هەست بە ناڕەحەتی دەکات. دواتر کۆنسێرتەکەی ڕاگرت و گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە. بەپێی ڕێنمایی پزیشکان، دوو کۆنسێرتی دواخست و لە 30می حوزەیراندا گەڕایەوە سەر شانۆ.

 

تاوەکو ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەشتە هونەرییەکەی بەناوی “Sing a Song All Night Long”  دەرنەچووە. بەپێی خشتەی دیاریکراو، وادەی کۆنسێرتی داهاتووی ڕۆژی 26ـی ئەیلوول دەبێت لە سان فرانسیسکۆ.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆمسیۆن: ژمارەی تانەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ ١٣٠ بەرزبۆوه

یاسین

پەیامی نێچیرڤان بارزانی له‌ ساڵيادى کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتیدا

سەڵاح

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجان کۆبووەوە

سەڵاح