zagros news agency

هەولێر… جەخت لەسەر بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە کەرتی پزیشکی دەکرێتەوە

 

لە شاری هەولێر خولێکی زانستی و ڕاهێنان لەژێر دروشمی “زیرەکی دەستکرد و پزیشکی، هاوبەشییەک بۆ ژیان” بەڕێوەچوو، کە تێیدا جەخت لەسەر گرنگی تەکنەلۆجیا لە گۆڕانکارییەکانی کەرتی تەندروستی کرایەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2026/9/1، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر و د. ئیدریس محەمەد، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، خولێکی زانستی تایبەت بە پەرەپێدانی تواناکانی مرۆیی لە بواری تەندروستی و تەکنەلۆجیا لە سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە خولەکەدا، کە ژمارەیەک لە مامۆستایان، پسپۆڕانی بواری تەندروستی و تەکنەلۆجیا و قوتابیانی زانکۆ تێیدا بەشداربوون، تیشک خرایە سەر ڕۆڵی ستراتیژیی تەکنەلۆجیای زیرەکی دەستکرد (AI) لە پەرەپێدانی کەرتی پزیشکی و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکان.

بەرشداربووان و پسپۆڕانی خولەکە ئاماژەیان بەوە کرد، بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ شیکردنەوەی داتای پزیشکی ئاڵۆز، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەڵەی پزیشکی، خێراکردنی پرۆسەی چارەسەر و باشترکردنی شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشەکان، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو بونیادنانی سیستەمێکی تەندروستی زیرەک لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی چالاکییەکەدا، ئامادەبووان جەختیان لە پێویستی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە خولە ئەکادیمیانە کردەوە، بە ئامانجی دروستکردنی پردێکی پەیوەندی بەهێز لە نێوان ناوەندە تەکنەلۆژییەکان و کەرتی تەندروستی، بۆ ئەوەی زانستە نوێیەکان لە خزمەت پاراستنی ژیانی هاووڵاتیاندا بن.

هەواڵی پەیوەندیدار

نێردراوی ترەمپ: ئەمریکا دەستکەوێکی راستەقینەی له عێراق نەبووه

یاسین

‎ترامپ: ئەمریکا وەڵامێکی توندی ئێران دەداتەوە

گوران

راگەیندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

یاسین