zagros news agency

گۆڕانی دەنگ دەکرێت نیشانەیەکی پێشوەختەی تێکچوونی توانای ژیری بێت

 

ئەنجامی توێژینەوەیەکی گەورە دەریدەخات هەندێک لە گۆڕانکارییەکانی دەنگ دەکرێت پەیوەندییان بە بەرزبوونەوەی مەترسیی تێکچوونی توانای ژیرییەوە هەبێت؛ ئەم پەیوەندییە تەنانەت لە کەسانی بێ کێشەی بیستنیشدا بینراوە.

بە پێی یەکەمین لێکۆڵینەوە دەربارەی پەیوەندیی نێوان کێشەکانی دەنگ و دابەزینی توانای ژیری، ئەو کەسانەی بەبێ کێشەی کەمبیستن تووشی دابەزینی کوالێتیی دەنگ (لە ڕووی گڕی و زیقی، ڕوونی، بەرزیی دەنگ، کەمبوونەوەی مەودای دەنگی یان هەر گرفتێکی دیکەی دەنگ) دەبنەوە، لە بەرانبەر کەسانی بێ کێشەی دەنگدا، بە ڕێژەی لەسەدا ٥٨ زیاتر لە ژێر مەترسیی تووشبوون بە تێکچوونی توانای ژیری یان دێمێنسیادان.

بە پێی ڕاپۆرتی «مێدیکاڵ ئێکسپرێس»، دەرەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری «Journal of Voice» بڵاو کرانەوە.

پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی ئەمریکا ڕایگەیاند لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا نزیکەی ١٧.٩ ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لە ئەمریکا کێشەی دەنگیان هەبووە و لە ٩.٤ ملیۆن کەسیاندا کێشەکە لانی کەم هەفتەیەکی خایاندووە. لە کاتێکدا چوار لە هەر دە کەسی تووشبوو بە کێشەی دەنگ سەردانی پزیشک ناکەن، لەوانەیە زیاتر لەژێر مەترسیی دابەزینی توانای ژیریدا بن.

بە پێی ئامارەکان، زیاتر لە شەش ملیۆن کەس لە ئەمریکا تووشی زەهایمەر یان جۆرێکی دیکەی دێمێنسیا بوون و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٦٠ ئەم ژمارەیە دوو هێندە زیاد بکات.

ڕۆبێرت ساتاڵۆف، نووسەری سەرەکیی توێژینەوەکە و مامۆستای زانکۆی درێکسڵ گوتی: «ئەگەر تووشی کێشەیەک بووبن کاریگەری لەسەر کوالێتیی دەنگتان دابنێت یان لە کاتی قسەکردن و گۆرانیدا هەست بە ئازار بکەن، سروشتییە کەمتر بەشداری لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکاندا بکەن. ئەم دۆخە لە نەخۆشانی پارکینسۆنیشدا دەبینین و کێشەی دەنگ لەواندا زۆرجار پێش نیشانە جەستەییەکان دەردەکەوێت.»

تیمی توێژینەوەکە زانیاریی ٨٣٣ هەزار و ٤١٧ نەخۆشیان لە پشکنینە خولییەکاندا تاوتوێ کرد. بەدواداچوونی نەخۆشەکان لانی کەم ساڵێک دوای دەستنیشانکردنی کێشەی دەنگ یان کەمبیستن دەستی پێ کرد.

ئەم تیمە بۆیان دەرکەوت لە کەسانی بێ کێشەی دەنگدا، پەیوەندیی نێوان دابەزینی توانای ژیری و تێکچوونی دەنگ، بەهێزتر بوو لە پەیوەندیی نێوان دابەزینی توانای ژیری و کەمبیستن. کەمبیستن لە بەرانبەر گرووپە هاوشێوەکاندا، بە بەرزبوونەوەی لەسەدا ٢٧ی مەترسیی دابەزینی توانای ژیرییەوە بەستراوەتەوە.

ساتاڵۆف گوتی: «توێژینەوەکەمان دەریخستووە تێکچوونی دەنگ دەکرێت نیشانەیەکی پێشوەختەتر و بەهێزتر بێت بۆ دابەزینی توانای ژیری لەچاو کەمبیستن بە تەنیا.»

ناوبراو گوتیشی: «بەهێزترین پەیوەندی بە دێمێنسیاوە لەو نەخۆشانەدا بینرا هاوکات کێشەی دەنگ و کەمبیستنیان هەبوو، بەڵام مەترسی لەو کەسانەی تەنها کێشەی دەنگیان هەبوو، لەو نەخۆشانە زیاتر بوو تەنها کێشەی کەمبیستنیان هەبوو.»

هەواڵی پەیوەندیدار

یەکێتی ئەوروپا کێشە بۆ کۆمپانیای Apple دروست دەکات

یاسین

ئینستاگرام تایبەتمەندییەکی دیکەی زیاد کرد

یاسین

تیمی ئارتیمیس ٢ بۆ سەر مانگ، لە هەموو مرۆڤەکانی پێش خۆیان زیاتر دوور کەوتنەوە

سەڵاح