zagros news agency

بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان، پارێزگارانی هەولێر و بەسڕا کۆبوونەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا پێشوازی لە ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسڕا کرد. لە دیدارێکدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگی نێوان هەردوو پارێزگا لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کرا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی میوانەکە، خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانەکەی بۆ هەولێری پایتەخت دەربڕی. هەردوولا جەختیان لەسەر قووڵی و گرنگیی پەیوەندییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەولێر و بەسڕا کردەوە و ئاماژەیان بە پێویستی ڕەخساندنی دەرفەتی نوێ بۆ هاوکاریی هاوبەش کرد.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی ڕێگاکانی گەشەپێدانی کەرتی ئابووری و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان. هەر لەو چوارچێوەیەدا، باس لە دۆزینەوەی دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان کرا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی سوودوەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانی یەکتری و ئاڵوگۆڕی شارەزایی، بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە دانیشتووانی هەردوو پارێزگا.

لەکۆتایی دیدارەکەدا، ئەسعەد عێدانی، پارێزگاری بەسڕا، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پێشوازییە گەرمەکەی پارێزگای هەولێر دەربڕی و ئامادەیی تەواوی پارێزگاکەشی بۆ هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوکارییەک لەگەڵ هەولێر نیشاندا کە خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بگەیەنێت.


هەواڵی پەیوەندیدار

ڕاوێژکارێكی سوودانى: مووچە مسۆگەرە و خەرجییەکان کۆنترۆڵ دەکرێن

سەڵاح

وەزارەتی دارایی : ‎تەمویلی مووچەی مانگی ئازار خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.

گوران

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح