خواردنی تەواوکەرە خۆراکییەکان لەگەڵ ژەمەکاندا خێرایی مژینیان کەم دەکاتەوە و ئەم مژینە لەسەرخۆیە باشترە، چونکە لەش لە هەر ژەمێکدا تەنها دەتوانێت بڕێکی دیاریکراو لە ماددەیەکی خۆراکی بمژێت و بەکاری بهێنێت.
بۆ خواردنی ڤیتامینەکان کاتژمێرێکی دیاریکراو بوونی نییە؛ لەگەڵ ئەوەشدا جۆری ڤیتامین، بەکارهێنانی هاوکاتی دەرمانەکان و دۆخی تەندروستیی کەسەکە، دەتوانن لە دیاریکردنی کاتی گونجاودا ڕۆڵیان هەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گودهاوسکیپینگ، پسپۆڕان پێشنیار دەکەن تەواوکەرە خۆراکییەکان بۆ پێشگرتن لە ناڕەحەتیی گەدە لەگەڵ خواردندا بخورێن و ڤیتامینە تواوەکان لە چەوریدا وەک “ئەی، دی و ئی” لە تەنیشت ئەو خۆراکانە بخورێن چەوریی تەندروستیان تێدایە، تاوەکوو باشتر بمژرێن. لە لایەکی دیکەوە، پێویستە بەکارهێنانی تەواوکەرەکان بە ڕاوێژی پزیشک یان پسپۆڕی خۆراک ئەنجام بدرێت، چونکە لەوانەیە لەگەڵ هەندێک دەرماندا کارلێک بکەن یان لە ئەگەری بەکارهێنانی زیاد لە پێویستدا زیانبەخش بن و بە هیچ جۆرێکیش نابنە جێگرەوەی سیستمێکی خۆراکیی هاوسەنگ و دەوڵەمەند.
ڤیتامینەکانی گرووپی بی (B)
دەکرێت ڤیتامینەکانی گرووپی بی لە هەر کاتژمێرێکی ڕۆژدا بخورێن، بەڵام بۆ دەستکەوتنی وزە، بەیانیان کاتێکی گونجاوترە. ئەم ڤیتامینانە یارمەتیی دەردانی وزە لە کاربۆهیدراتەکان دەدەن و لە پاراستنی تەندروستیی مێشکیشدا ڕۆڵ دەگێڕن. ئەم ڤیتامینانە لە ئاودا دەتوێنەوە و لەش بڕی زیادە لە ڕێگەی میزەوە فڕێ دەداتە دەرەوە.
مۆڵتیڤیتامین
بۆ بەکارهێنانی مۆڵتیڤیتامین کاتێکی دیاریکراوی هەڵە یان دروست بوونی نییە و گونجاوبوونی کاتەکە بۆ هەر کەسێک جیاوازە. ئەم بابەتە بەندە بە بڕی بەکارهێنان و ئەو دەرمانانەی کەسەکە وەریان دەگرێت. سەرەڕای کاتی هەڵبژێردراو، باشترە بە گەدەی بەتاڵ نەخورێت، چونکە لەوانەیە دڵتێکەڵهاتن یان ناڕەحەتیی گەدە دروست بکات. خۆراک دەتوانێت ناوپۆشی گەدە بپارێزێت و بە ڕوونکردنەوەی تەواوکەرەکە، مژین و بەکارهێنانی بۆ لەش ئاسانتر بکات.
بەپێی ڕاگەیاندنی پەیمانگەی نیشتمانیی تەندروستیی ئەمریکا، بەکارهێنانی مۆڵتیڤیتامین بۆ کەسانی سەرووی ٥٠ ساڵ، ئەو ژنانەی پلانی دووگیانییان هەیە، ژنانی دووگیان، پەیڕەوانی سیستمی گیاخۆری یان کەمکالۆری و تووشبووان بە نەخۆشییە درێژخایەنە تێکدەرەکانی هەرس، سوودبەخشترە.
ڤیتامین سی (C)
ڤیتامین سی لە هەر کاتێکدا گونجاو بێت دەخورێت. ئەم ڤیتامینە تایبەتمەندیی دژەئۆکسێنەری هەیە، یارمەتیی چاکبوونەوەی شانەکانی لەش دەدات و بە بەشداریکردن لە بەرهەمهێنانی کۆلاجین، لە پاراستنی تەندروستیی پێست، تاندۆنەکان و بەستەرەکاندا ڕۆڵ دەبینێت. ئەم ڤیتامینە لە ئاودا دەتوێتەوە و بڕی زیادەی لە ڕێگەی میزەوە دەردەدرێت.
ڤیتامین دی (D)
هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە بیسەلمێنێت بەکارهێنانی ڤیتامین دی لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا کاریگەرییەکەی دەگۆڕێت. بەڵام چونکە لە چەوریدا دەتوێتەوە، خواردنی لەگەڵ ژەمێک یان سووکەژەمێکی خاوەن چەوری، یارمەتیی مژینی باشتر دەدات. ڤیتامین دی لە پاراستنی تەندروستیی ئێسک، ڕێکخستنی هەوکردن و کارکردنی کۆئەندامی بەرگریدا گرنگە.
ڤیتامین ئەی (A)
دەتوانرێت لە هەر کاتێکدا بخورێت، بەڵام بەهۆی توانەوەی لە چەوریدا، باشترە لەگەڵ ژەمی سەرەکی یان سووکەژەمێکدا بخورێت چەوریی تەندروستی وەک ئەڤۆکادۆ، گوێز و چەرەسات یان تۆوەکانی تێدا بێت. ئەم ڤیتامینە بۆ کارکردنی کۆئەندامی بەرگری و ئەندامەکانی زاوزێ پێویستە.
ڤیتامین ئی (E)
بۆ خواردنی ڤیتامین ئی کاتێکی تایبەت نییە، بەڵام وەک ڤیتامینە تواوەکانی دیکە لە چەوریدا، باشترە لەگەڵ خواردندا بەکار بێت. ئەم ڤیتامینە بۆ تەندروستیی بینین، خوێن، پێست و مێشک پێویستە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێش بەکارهێنانی دەبێت ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت، چونکە بۆ ئەو کەسانەی پێشینەی جەڵتەی مێشک یان جەڵتەی دڵیان هەیە، ڕەنگە مەترسیدار بێت.
تەواوکەرەکانی قۆناغی دووگیانی
لە هەر کاتێکی ڕۆژدا دەخورێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕۆڵێکی بنەڕەتییان لە گەشە و پێگەیشتنی تەندروستی کۆرپەلەدا هەیە، باشترە کاتێک دیاری بکرێت کەمترین ئەگەری لەبیرچوونی هەبێت.
لە کۆتاییدا، هیچ “باشترین کات”ێکی دیاریکراو بۆ ڤیتامینەکان نییە و باشترە لەگەڵ ژەمەکاندا بخورێن. هەروەها نابێت لەبیر بکرێت تەواوکەرەکان جێگەی خۆراکی تەندروست و هاوسەنگ ناگرنەوە، چونکە خۆراکە سروشتییەکان ماددە خۆراکییەکان بە شێوەیەکی پێکەوەیی دەبەخشن و ڕیشاڵ و پێکهاتەی سوودبەخشیان تێدایە بە دەگمەن لە تەواوکەرەکاندا دەبینرێن.

