هەندێک کەس دوای خواردنی بڕێکی زۆر شیرینی یان کاربۆهیدراتی سادە، هەست بە ئارەقکردنەوەی شەوانە دەکەن. هاوکاتبوونی ئەم دوو حاڵەتە بەو مانایە نییە خواردن هۆکاری سەرەکییە یان بە دڵنیاییەوە نیشانەی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە بێت.
دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، یەکێک لە لێکدانەوە ئەگەرییەکان دابەزینی کارلێککاریی شەکرە لە خوێندایە، کە لای هەندێک کەس دوای نانخواردن و بەزۆری لە ماوەی دوو بۆ چوار کاتژمێردا روودەدات. ژەمێکی دەوڵەمەند بە کاربۆهیدرات دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی گلوکۆز و هاندانی دەردانی ئەنسۆلین، کە دواتر دەبێتە هۆی دابەزینی شەکر لە خوێنی ئەو کەسانەی بەو حاڵەتە دەناڵێنن.
دەستەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی بەریتانیا روونیکردەوە، دابەزینی شەکری خوێن لای ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان نییە دەگمەنە، بۆیە نابێت تەنیا لەسەر بنەمای ئارەقکردنەوە بڕیار لەسەر بوونی ئەم حاڵەتە بدرێت. دڵنیابوون پێویستی بە پێوانی ئاستی گلوکۆز لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکان و هەڵسەنگاندنی پزیشک بۆ ئەنجامەکان و بارودۆخە هاوکاتەکان هەیە.
ئارەقکردنەوە یەکێکە لە نیشانە ناسراوەکانی دابەزینی شەکری خوێن، کە رەنگە لەگەڵیدا لەرز، برسێتی، سەرگێژخواردن، خێرا لێدانی دڵ، ماندوێتی، تووڕەیی یان سەرلێشێواوی رووبدات. ئەگەر دابەزینەکە لە کاتی خەودا رووبدات، لەوانەیە کەسەکە لە خەو هەستێت و جلوبەرگ یان جێگاکەی تەڕ بووبێت، یان بەیانیان هەست بە سەرئێشە و ماندوێتی بکات.
بەپێی پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ شەکرە و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و گورچیلە، گرنگیی ئەم نیشانانە لای تووشبووانی شەکرە زیاترە، بەتایبەت ئەوانەی ئەنسۆلین بەکاردەهێنن یان دەرمانێک دەخۆن کە پەنکریاس هاندەدات بۆ دەردانی ئەنسۆلین، وەک سەڵفۆنیل یوریا و میگلیتینیدەکان، چونکە ئەم دەرمانانە کاریگەرییان لەسەر ئاستی گلوکۆز هەیە.

