نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانێکی هەرێمی بۆ بەرزکردنەوەی پلەی 519 ئەفسەری سەر بە وەزارەتی ناوخۆ واژوو کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانەکەی واژوو کردووە کە تایبەتە بە بەرزکردنەوەی پلەی (519) ئەفسەر لەسەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە وەزارەتی ناوخۆ.
لە فەرمانەکەدا هاتووە، پاڵپشت بە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و یاسا بەرکارەکان، پلەی ئەو ئەفسەرانە بۆ ئەو پلەیەی کە شایستەی ڕاژەکەیانە بەرز دەکرێتەوە.
هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە، فەرمانە هەرێمییەکە لە ئەمڕۆ و لە کاتی دەرچوونییەوە، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

