zagros news agency

سووریا… پڕۆسەی دیاریکردنی ئەندامانی په‌رله‌مان کۆتایی هات، رۆژی دووشەممە یەکەم دانیشتن ئەنجام دەدرێت

 

ئه‌مڕۆ چوارشەممە دەسەڵاتدارانی سووریا ناوی ٧٠ پەرلەمانتاریان ئاشکرا کرد کە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆکی وڵاتەوە بۆ ئەنجوومەنی گەل لە قۆناغی ڕاگواستندا دەستنیشانکراون. ئەم هەنگاوە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەشت مانگ بەسەر دەستپێکردنی پڕۆسەی پێکهێنانیدا، ڕێگه‌ بۆ یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لە هەفتەی داهاتوودا خۆش ده‌كات.

ئەنجوومەنی نوێی گەل کە لە ٢١٠ ئەندام پێکدێت، لە ژێر سایەی سیستەمی سەرۆکایەتیدا دەسەڵاتی سنوورداری دەبێت کە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە ساڵی ٢٠٢٤ شه‌رع دایڕشتووە. ساڵی ڕابردوو دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان لە ڕێگەی دەستەی دەنگدەران لە بازنە هەڵبژاردنەکاندا دیاری کران.

محەمەد تەها ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە نوێیە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ بەڵێنەکانی شه‌رع دەبینرێت سەبارەت بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی گشتگیر کە هەموو لایەنەکان لە سووریای دوای ئەسەد بگرێتەوە.

لیستی ناوی دەستنیشانکراوەکان ١٥ ژن لەخۆدەگرێت، بەمەش ژمارەی پەرلەمانتارانی ژن بۆ ٢١ ئەندام بەرزبووەوە، دوای ئەوەی لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوودا تەنها شەش ژن گەیشتبوونە پەرلەمان.

تا ئێستا بەرپرسانی سووریا ئاماری وردیان سەبارەت بە نوێنەرایەتی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە ناو ئەندامە نوێیەکاندا بڵاونەکردووەتەوە. ساڵی ڕابردوو ١٠ کورسی بۆ کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان تەرخانکرابوو، لەوانە کورد، مەسیحی و عەلەوییەکان (ئەو تاقمەی ئەسەد لێی بوو). جێی ئاماژەیە ئەحمەد شه‌رع سەر بە پێکهاتەی زۆرینەی سوننەیە لە سووریا.

شه‌رع پێشتر ڕایگەیاندبوو کە لە دەستنیشانکردنی ئەندامەکاندا جەخت لەسەر چاککردنی ئەو کەموکورتییانە دەکاتەوە کە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوودا هەبوون، بەتایبەتی لە پرسی نوێنەرایەتیکردنی ژناندا.

سەبارەت بە پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی درووزن، محەمەد تەها ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد کە دەستنیشانکردنی نوێنەرانی ئەو ناوچەیە دواخراوە تا ئەو کاتەی “بارودۆخەکە گونجاو دەبێت”. ئەو ناوچەیە لە تەممووزی ساڵی ڕابردووەوە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت دەرچووە، دوای پێکدادانی خوێناوی نێوان هێزە حکومییەکان و چەکدارانی درووز کە بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی ١٧٠٠ کەس.

 

رۆیته‌رز

 

هەواڵی پەیوەندیدار

روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر

یاسین

سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان كۆبوونه‌وه‌

یاسین

سوپای ئەمریکا دوو بنکەی حوسیانی دایە بەر هێرش

سەڵاح