ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق میوانداریی کۆبوونەوەیەکی ئاستباڵای کرد بە مەبەستی دارشتنی دیدگایەکی هاوبەش دەربارەی دۆسیەی ڕاگرتراوان و سزادراوانی بیانی کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوازراونەتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەریی باڵا، کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی باڵا بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا خالید شوانیم، وەزیری داد، فەریق یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر ئەلشەممەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، حەمید ئەلشەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، باسم ئەلبەدری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، قاسم ئەلعەبودیم ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، فەریقی ڕوکن زەید حەوشی، سەرۆکی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، و شورش خالید، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە ئامادە بوون.
هەروەها عادڵ خزر، سەرۆکی داواکاریی گشتی، دادوەر لەیس جەبر، سەرۆکی دەستەی سەرپەرشتیی دادوەری، و دادوەر عەلی حوسێن جەفات، دادوەری یەکەمی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم و سەرۆکی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی بەشدار بوون.
تەوەر و ئامانجی کۆبوونەوەکە:
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە دارشتنی دیدگایەکی یەکگرتووی عێراق بەرامبەر دۆسیەی ڕاگرتراوان و سزادراوانی بیانی کە لە سووریاوە گوازراونەتەوە بۆ عێراق، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم قۆناغی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەکانیانی تەواو کردووە و پڕۆسەکە چووەتە قۆناغی دادگاییکردنەوە.
بڕیار و هەڵوێستی کۆتایی:
کۆبوونەوەکە بە دەستنیشانکردنی هەڵوێستێکی یەکگرتوو کە نوێنەرایەتیی دەوڵەتی عێراق دەکات کۆتایی هات؛ بە جۆرێک کە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکانیاندا بەپێی ڕێککەوتننامە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەو وڵاتانەی تۆمەتباران هەڵگری ڕەگەزنامەکەیانن ئەنجام بدرێت، لەسەر بنەمای یاساکانی عێراق و پێوەری مامەڵەی هاوشێوە.
هەروەها ڕێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی بەرپرس بێت لە تاوتوێکردنی هر دەستپێشخەری یان پێشنیازێک کە لەلایەن ئەو وڵاتانە یان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە سەبارەت بە پێشکەشکردنی هاوکاری بە عێراق لەم دۆسیەیەدا دەخرێنە ڕوو.

