وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان عەقیدی پۆلیس سۆران محەممەد رایگەیاند ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاگادار کراینەوە لە بوونی تەرمێک لە ماڵێکدا لە گوندی ئەڵمانی لە قەزای کەلار. دەستبەجێ بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان، بەڵگەی تاوان، و مەفرەزەی بەشی پۆلیسی کەلار چوونە شوێنی ڕووداوەکە.
گووتیشی : دەرکەوت هاووڵاتییەک کە پیشەی مامۆستایە بە ناوی (شکار عەبدوڵڵا حەمید)، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٤، لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لەدەستداوە. بەپێی تێکچوونی شێوازی تەرمەکەی، دەردەکەوێت ناوبراو ماوەیەکی زۆرە گیانی لەدەستداوە، بەهۆی ئەوەش کە بە تەنیا ژیاوە، کەس پێی نەزانیوە.
هەروەها راشیگەیاند : لە ئێستادا تەرمەکەی ڕەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کراوە، و پۆلیس سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیارییە لەسەر هۆکاری گیانلەدەستدانی ناوبراو.

