بەرپرسانی بەندەرەکانی عێراق ڕایانگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) لە ناو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا کراوەتە ئامانج.
دوو بەرپرسی بەندەرەکانی عێراق بە ئاژانسی “ڕۆیتەرز”یان ڕاگەیاندووە؛ کاتژمێر ٦:٠٠ی بەیانی بەکاتی ناوخۆ، کەشتیی “نیو ئەندرۆس” (New Andros) کە بە ئاڵای پەنەماوە دەڕوات و نزیکەی ٢ ملیۆن بەرمیل سووتەمەنی نەوتی عێراقی هەڵگرتبوو، دوای بەرکەوتنی لە ئاوەکانی عێراقدا ئاگری لێکەوتووەتەوە. بە وتەی بەرپرسان، سەرجەم ٢٢ ئەندامی دەستەی کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) بڵاویکردەوە کە شەوی ڕابردوو چەندین کەشتیی بازرگانی لە باکووری کەنداو و دەریای عومان بەهۆی تەقەی پەکخەرەوە لە کاتی چالاکییە سەربازییەکاندا زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها ئاماژەی بە ڕووداوێکی دیکە کرد لە دووری ٢٤ میل لە بەندەری ڕاشد لە ئیمارات، کە کەشتییەک دوای بەرکەوتنی بە تەقەمەنییەکی نادیار مەترسی نقوومبوونی لەسەر دروست بووە.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند کە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانییان بە ناوی (M/T Riesco) لە دەریای عومان کردووەتە ئامانج و نقوومیان کردووە، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ هەوڵی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکی.
لە بەرامبەردا، ئێران ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر ١٠ کەشتی لە نزیک گەرووی هورمز، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریکا پێنج کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی تێکشکاندووە. ئەم هێرشانە وەک گەورەترین شەپۆلی پێکدادان و هێرشی تۆڵەسەندنەوەی نێوان هەردوو وڵات لەسەر هێڵەکانی کەشتیوانی دادەنرێت لەوەتەی شەڕی نێوانیان دەستی پێکردووە.

