zagros news agency

‎ئێران: هیچ گفتوگۆیەک پێش جێبەجێکردنی مەرجەکانمان ناکرێت

سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران، ئیبراهیم عەزیزی، ڕایگەیاندووە کە تاران پێش جێبەجێکردنی مەرجەکانی خۆی، هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ لایەنەکانی بەرامبەر ناکات.

عەزیزی ئەمڕۆ شەممە لە پۆستێک لە هەژماری خۆی لە تۆڕی «X» نووسیویەتی: «پێش ئەوەی مەرجەکانی ئێران جێبەجێ بکرێن، هیچ گفتوگۆیەک نابێت.

ئەم قسەیە لە کاتێکدایە کە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، هەفتەی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی بریکس لە هیندستان، ئاگاداری دا لەوەی کە فشارەکان لەسەر تاران بەهۆی سزا ئابوورییەکان و فشارەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.

پزیشکیان هەروەها وتوویەتی کە جیهان لە ئێستادا بە قۆناغێکی ئاڵۆزیی بێ‌وێنەدا تێدەپەڕێت و کاریگەریی فشارە سیاسی و سەربازییەکان لەسەر ئێران تەنها سنوورەکانی ئەو وڵاتە ناگرێتەوە.

سەرۆککۆماری ئێران لە دیدارێک لەگەڵ سەرۆکانی زانکۆ گەورەکانیش وتوویەتی پشتگیری لە بەردەوامبوونی جەنگ ناکات، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە ئێران دەبێت خۆی بۆ بارودۆخی داهاتوو ئامادە بکات، بۆ ئەوەی ناچار نەبێت لە شوێنی لاوازییەوە بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ.

لە بەرامبەردا، دونالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە ماوەی ڕابردوودا چەند جار ئاماژەی بەوە کردووە کە وەک پێشوو حەزی بە گفتوگۆ لەگەڵ تاران یان گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ نییە.

بەپێی ئەو ڕووداوانە، ڕێککەوتنێکی پێشووتر کە لە مانگی حوزەیران گەیشتن پێی، بەهۆی ناکۆکییەکان لەسەر چەند بابەتێک، بە تایبەتی شێوازی بەڕێوەبردنی تەنگەی هورموز، تێکچووە.

ئێران کە بۆ چەندین دەیە بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە تووشی فشارێکی زۆری ئابووری بووە، لە ٢٨ی شوباتدا ڕووبەڕووی هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆكی حكومەت پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرەی لە هەولێر كردەوە

یاسین

شارەوانیی دهۆک بۆ هاووڵاتییان: بۆ کاری پێویست نەبێت نەچنە سێمێل

سەڵاح

کۆمپانیای ئەپل چیپی ئامێرەکانی دەگۆرێت

یاسین