لە دوای بەڕێوەچوونی سیمینارێکی دوو ڕۆژەی تایبەت بە ڕەوشی شانۆ لە هەولێر لە هەفتەی ڕابردوودا، بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆ سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، بە سەرپەرشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، ئامادەکارییەکانی بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی شانۆیی ڕاگەیاند.
وەرزە شانۆییەکە، ژمارەیەک بەرهەمی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت کە بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگە میدیاییەکان پێشکەشی هۆگرانی هونەری شانۆ دەکرێن.
یەکێک لە بەرهەمە دیارەکانی ئەم وەرزە شانۆییە، نمایشکردنی شانۆگەریی “ئیمپراتۆریەتی هەیاس”ـە کە لە نووسینی د. محەممەد عەلی عوزێرییە و دراماتورگی و دەرهێنانی لەلایەن د. ژیلوان تاهیرەوە بۆ کراوە، هەروەها بە هاوکاری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر پێشکەش دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ بە هاوکاری لەگەڵ تۆڕی میدیایی کوردستان، ئامادەکاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی شانۆگەریی “لەچک” و وەک بەشێک لە بەرنامەی وەرزی نوێی شانۆیی دەچێتە سەر تەختەی شانۆ.
لە چوارچێوەی هەمان وەرزدا، بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆ بڕیارە شانۆگەریی “دڵسۆزی لە پەراوێزدا” وەک یەکێکی دیکە لە بەرهەمە نوێکانی خۆی پێشکەشی بینەران و هۆگرانی هونەر بکات.
جگە لە شانۆی تەختە، هونەری شانۆیی شەقامیش ئامادەیی دەبێت و شانۆگەریی سەر شەقامی “ڕووناکیەک خۆری ئاوا کرد” لە نووسین و دەرهێنانی جوتیار ڕەفعەت پێشکەش دەکرێت.
دەستپێکردنی ئەم وەرزە نوێیە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ بوژاندنەوەی بزووتنەوەی شانۆیی لە شاری هەولێر و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هونەرمەندان.

