حکومەتی عێراق بڕیاری دا بە شێوەیەکی سنووردار و لە چوارچێوەی خشتەیەکی کاتیدا دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران بکاتەوە، ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک لە داخستنیان بەهۆی گرژییە ئەمنییەکان کە بووبووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغییەکی زۆری هاووڵاتییان و بارهەڵگرە بازرگانییەکان لەسەر سنوورەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران، هاتوچۆی سەرنشینان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی (شەلەمچە، چەزابە و مەندەلی) بە قۆناغ دەست پێدەکاتەوە.
لەسەر بنەمای خشتە کاتییە دیاریکراوەکە، دەستپێکردنەوەی چالاکییە بازرگانییەکان لەو سێ دەروازە سنوورییەدا لە ڕۆژی دووشەممەوە دەست پێدەکات و تاوەکو پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
پاشخانی داخستنی سنوورەکان
ئەم هەنگاوەی بەغدا دوای ئەوە هات کە ڕۆژی هەینی بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی شەلەمچە لەگەڵ ئێران درا، ئەوەش لە پاش هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هێڵی بۆریی نەوتی (ڕۆژهەڵات – ڕۆژئاوا) لە سعوودیە؛ کە ڕیاز رایگەیاندبوو هێرشەکە لە خاکی عێراقەوە ئەنجام دراوە. لە بەرامبەردا، حکومەتی عێراق فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای میسانی لە کارەکەی دوورخستەوە و ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە ڕاگەیاند. داخستنی لەناکاوی سنوورەکان بووە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و پشێوی لە دەروازە جیاوازەکاندا.
ڕێکارەکانی لایەنی ئێرانی
هاوکات لە لایەنی ئێرانەوە، ئاژانسی هەواڵی “مێهر” لە زاری جێگری ئەمنی و جێبەجێکردنی یاسای پارێزگای خوزستان بڵاوی کردەوە، سنوورەکانی شەلەمچە و چەزابە کراونەتەوە، بەڵام تەنها بۆ پەڕینەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە پشت سنوور گیریان خواردووە و چاوەڕوانن. بەرپرسە ئێرانییەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ڕێگە بە هیچ گەشتیارێکی نوێ نادرێت بچێتە سەر سنوورەکان تا ئەو کاتەی بڕیاری نوێ لەو بارەیەوە دەدرێت.

