ڕۆژی دووشەممە، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە شاری جەددە پێشوازی لە ئەدمیڕاڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کرد و پێکەوە دوایین پێشهات و پەرەسەندنە هەرێمییەکانیان تاوتوێ کرد، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە، ئەم کۆبوونەوەیە دوای چەند ڕۆژێک دێت لەوەی شازادەی جێنشینی سعودیە داوای هاوکاریی سەربازیی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی حوسی.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ترەمپ ڕەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی هێرشی ڕاستەوخۆی سوپای ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان پێشان نەداوە، بەڵام واشنتن ڕیاز-ی دڵنیا کردووەتەوە کە لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی زانیارییە هەواڵگرییەکان و دەستنیشانکردنی ئامانجەکانەوە هاوکاریی تەواوی سعودیە دەکات.
ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسی و سەربازییانە دوای ئەوە دێن کە گرووپی حوسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر شارەکانی سعودیە و ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە، هاوکات لە کەناراوەکانی دەریای سوور لە یەمەن بەرەو گەرووی بابولمەندەب کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان، لە پێشڕەویدان.
شارەزایان پێیان وایە کە ئەم پەرەسەندنانە بەرەیەکی نوێی لە ململانێ هەرێمییەکاندا کردووەتەوە و نیگەرانیی جددیی لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی سعودیە و ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی دروست کردووە.

