ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەبو توراب ئەلتەمیمی، ئاشکرای کرد که زەیدی عێراقی لە گورزێکی سەربازیی مسۆگەر که بڕیار بوو دوێنێ لەلایەن سعوودیە و ئەمریکاوە ئەنجام بدرێت، دوور خستەوه.
ئەلتەمیمی لە لێدوانێکدا بۆ «شەفەق نیوز» ئاماژەی بەوە کرد کە «سیاسەتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان عێراقی لەو لێدانانە دوورخستەوە»، بەڵام ڕەتی کردەوە بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە.
لەلایەکی دیکەوە، عەبدولڕەحمان ئەلجەزائیری، سەرکردە لە ڕەوتی «القسم الوطني» لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی قانون ڕایگەیاند کە کۆمیسیۆنی ئەمنیی پێکهێنراو لەلایەن فەرماندەی گشتییەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە فڕینی درۆنەکان بۆ سەر هێڵی بۆریی نەوتی سعوودیە، لە هەوڵی چڕدایە و هەفتەی داهاتوو ڕاپۆرتی کۆتایی ڕادەستی فەرماندەی گشتی دەکات.
ئەلجەزائیری ئاشکراشی کرد کە ئێران عێراقی ئاگادار کردووەتەوە لە ڕادەستکردنی تۆماری وێنەییی ڕادارەکانی سەر سنووری هاوبەشی هەردوو وڵات؛ ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دەرخستنی هەر چالاکی یان ئاماژەیەکی درۆنەکان بەرەو
سعوودیە و هێزی زۆرتریش دەداتە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە.
ڕێکارە ئەمنییەکانی حکومەتی بەغدا:
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە ناوچەکە ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیوە دوای ئاڕاستەکردنی هێرش لە ناو خاکی عێراقەوە بۆ سەر سعوودیە؛ لە بەرامبەردا حکومەتی بەغدا کۆمەڵێک ڕێکاری توندی گرتووەتە بەر، لەوانە لەکارلادانی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی میسان، داخستنی کاتیی سنوورەکان لەگەڵ ئێران و پەرەپێدانی میکانیزمەکانی پشکنین و کۆنترۆڵ لە دەروازە سنوورییەکاندا.
هەروەها زەیدی، شەممەی ڕابردوو، ڕەزامەندیی لەسەر داوای لایەنی ئێرانی دەربڕی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی هاوبەش دەربارەی دۆزینەوەی سەکۆی هەڵدانی درۆن لە بیابانی باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای میسان لە نێزیک هێڵی سنووریی نێوان هەردوو وڵات.

