zagros news agency

ئەمریکا گرێبەستێکی نوێی چەک بە بەهای ٢.٨ ملیار دۆلار بۆ ئیسرائیل پەسەند دەکات

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە نیازە ڕەزامەندی لەسەر گرێبەستێکی نوێی فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل بدات بە بەهای ٢.٨ ملیار دۆلار، کە ٤٠ هەزار بۆمبی یەک تۆنی لەخۆدەگرێت.

ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست” لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، ئەم بارە چەکە چەندین جۆری تەقەمەنی لەخۆدەگرێت کە بە کوشندەترین چەکەکانی جبەخانەی ڕۆژئاوا دادەنرێن و تێچووەکەشی لەسەر بودجەی باجدەرانی ئەمریکی دەبێت. بەپێی ڕۆژنامەکە، پاکێجەکە پێکهاتووە لە:

  • ٢٠ هەزار بۆمبی جۆری “MK-84”

  • ٢٠ هەزار بۆمبی جۆری “BLU-117”

  • ٢٠ هەزار سەری جەنگیی دژە سەنگەر و قەڵغان لە جۆری “I-2000 Penetrator”.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە پشتڕاستی کردەوە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕەزامەندی لەسەر ئەم گرێبەستە دەربڕیوە. لە بەرامبەردا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وەزارەتەکەیان هیچ لێدوانێک لەسەر گرێبەستە پێشنیازکراوەکان نادات تا ئەو کاتەی بە فەرمی کۆنگرێسی لێ ئاگادار دەکرێتەوە.

ئەم هەنگاوەی واشنتن لە کاتێکدایە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دانی بەوەدا ناوە کە بەهۆی گرژی و شەڕەکان لەگەڵ ئێران روبەڕووی کورتهێنان بوونەتەوە لە کۆگاکانی تەقەمەنیدا، بە جۆرێک لە نێوان ٢٨ی شوبات تا ٣٠ی حوزەیران، ئەمریکا ٢٢.٣ ملیار دۆلاری لە دابینکردنی تەقەمەنیدا خەرج کردووە.

جێی ئاماژەیە، لە مانگی شوباتی ٢٠٢٥ ئیدارەی ترەمپ گرێبەستێکی دیکەی بە بەهای ٧.٤ ملیار دۆلار بۆ فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل پەسەند کردبوو. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ناردنی بۆمبە قورسەکانی (کێشی ٢ هەزار پاوەند) بۆ ئیسرائیل هەڵپەساردبوو بەهۆی نیگەرانی لە گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی مەدەنی لە کەرتی غەززە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ بڕیاریدا ئەو بۆمبانە ڕادەستی ئیسرائیل بکرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار

جگەرە کێشان پێش نوستن مەترسی لەسەر دڵ و هەناسەدان دروست دەکات

یاسین

لە سەر فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم یاریگەی شەهید “فەڕەنسۆ هەریری” نۆژەن دەکرێتەوە

یاسین

هەولێر….تا ناوەڕاستی ئەمساڵ لە 100%ی سنووری پارێزگای هەولێر دەبێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری

سەڵاح