zagros news agency

وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی 33 مادەی خۆراکی بە تەواوی قەدەغە دەکات

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵ قەدەغەی هاوردەکردنی 33 مادەی خۆراکی راگەیاند. وەزارەتەکە روونیکردەوە، 15 بەرهەمی دیکە بەپێی رۆژژمێری کشتوکاڵی و وەرزی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، بە شێوەیەکی گۆڕاو قەدەغە دەکرێن.

قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی راگەیاند: میکانیزمی وەزارەت لە چوارچێوەی رۆژژمێری کشتوکاڵیدا کارایە و جێبەجێ دەکرێت، کە بەهۆیەوە هاوردەکردنی 33 مادەی خۆراکی بە تەواوی قەدەغەکراوە. ئەو مادانە بریتین لە مەڕ، چەورییە دەستکردەکان، گوێرەکە بۆ مەبەستی پەروەردەکردن، ئاژەڵە لەناوچوونەکان، ماسیی بیرانای گۆشتخۆر، گۆشتی قیمە بە هەموو جۆرەکانییەوە، ئەندامانی ئاژەڵی وەک سەر و لاقەکان، پرۆتینی ئاژەڵ، ئەسپ و ئاژەڵە دڕندەکان.

حەتاب روونیکردەوە، 15 مادەی دیکە دەکەونە ژێر قەدەغەکردنی گۆڕاوەوە، کە بریتین لە بەرهەمەکانی سەوزە وەک تەماتە، خەیار، پەتاتە، پیاز، باینجان و چەندانی دیکە. بڕیاری رێگەپێدان یان قەدەغەکردنی هاوردەکردنیان پشت بەو راپۆرتانە دەبەستێت کە لیژنە تایبەتمەندەکانی فەرمانگەی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە رێگەی گەڕانە رۆژانەیەکانیان بۆ عەلوەی جەمیلە، زوێنی و عەلوەی رەشید ئامادەی دەکەن.

حەتاب گوتی: وەزارەت ئێستا هاوردەکردنی بەرهەمە سەوزەکانی راگرتووە، ئەوەش لەسەر داوای وەزیری کشتوکاڵ لە سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی ئەمینداریەتیی گشتی و بە رەزامەندی لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنیان لە وەرزی بەرهەمی ناوخۆیدا. حەتاب جەختیکردەوە، قەدەغەکردنەکە گۆڕاوە و دوای کۆتاییهاتنی وەرزەکە، ئەگەر کەمبوونەوەیەک لە هەندێک بەرهەمدا تۆمار بکرێت، وەزارەت لە چوارچێوەی ستراتیژەکەیدا هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە دەستپێدەکاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

هێلكاریكردنی شه‌قامه‌كانی هه‌ولێر ده‌كرێت

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی

سەڵاح

چامپیۆنزلیگ.. خشتەی یارییەکانی ئەمڕۆ سێشەممە

یاسین