وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئاماری دەرچووانی قۆناغی 12ی ئامادەیی بۆ ئەمساڵی خوێندن بڵاوکردەوە، کە بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 40 هەزار خوێندکار لە بەشە جیاوازەکاندا قۆناغەکەیان بە سەرکەوتوویی بڕیوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، کۆی گشتیی دەرچووانی ئەمساڵ لە سەرجەم بەشەکانی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) گەیشتووەتە (40,716) دەرچوو.
ئاماری دەرچووان بەپێی بەشەکان بەمشێوەیە دابەش بووە:
-
بەشی زانستی: بە زۆرترین ژمارەی دەرچوو لە پلەی یەکەمدایە کە (30,847) دەرچووە.
-
بەشی وێژەیی: (7,923) دەرچوو.
-
ئامادەییە پیشەییەکان: (1,240) دەرچوو.
-
خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان: (706) دەرچوو.
بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە قۆناغی داهاتوودا ئەم خوێندکارانە لە ڕێگەی پڕکردنەوەی فۆڕمی (زانکۆلاین)ـەوە، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکانی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

