ڕۆماننووسی دیاری تورک، ئەلیف شەفەق، خەڵاتی ئەوروپیی “هێلینا فاز دا سێلڤا”ـی بۆ هۆشیاریی کەلەپووری کۆمەڵایەتی بۆ ساڵی 2026 پێبەخشرا، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ بەشدارییە ئەدەبییەکانی لە زیندووکردنەوەی یادەوەریی کۆمەڵایەتی و ئاشناکردنی فرەڕەهەندیی ڕەگ و ڕیشە فەرهەنگییەکان.
لێژنەی دادوەرانی خەڵاتەکە ئاماژەیان بەوە کرد، بەرهەمەکانی شەفەق ڕەنگدانەوەی پرسی بەهێزن لەبارەی ناسنامە، کۆچبەری، فرەیی و مافەکانی مرۆڤ. هەروەها جەختیان لە توانای بەرز و تایبەتی ئەو نووسەرە کردەوە لە بەیەکگەیاندنی ڕابردوو و ئێستا لەڕێگەی گێڕانەوەیەکی ئەدەبییەوە کە ڕووبەرێکی فراوان دەبەخشێتە مێژوو و دیدگە جیاوازەکان.
بڕیارە ڕۆژی 5ی تشرینی دووەمی داهاتوو لە ڕێوڕەسمێکدا خەڵاتەکەی ڕادەستی ئەو نووسەرە بكرێت.
ئەلیف شەفەق لە 25ـی تشرینی یەکەمی 1971 لە ستراسبورگ لە فەڕەنسا لەدایکبووە، کەسایەتییەکی ئەکادیمی، نووسەر و ستوونووسی دیاری تورکیایە. خوێندنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی لە زانکۆی تەکنیکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەواو کردووە، هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە ڕەگەز و توێژینەوەی ئافرەتان و بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکاندا هەیە.
شەفەق تاوەکو ئێستا 13 کتێبی بڵاوکردووەتەوە و بەرهەمەکانی بۆ زیاتر لە 30 زمانی جیاواز وەرگێڕدراون، لەوانەش زمانی کوردی و لە نزیکەی 40 وڵاتدا بڵاوکراونەتەوە. نووسینەکانی زیاتر بە زمانەکانی تورکی، ئینگلیزی و فەڕەنسین.

